دێنیز کامبل، وەک نوێنەری باڵیۆزی ئەمریکا لە فەرەنسا دیاری کرا
لەگەڵ ئەوەی چەندین پۆستی جۆاوجۆری پێبەخشراوە بۆ خزمەتکردن و داکۆکیکردن لە مافی ژنان، دوێنێ لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پلەی نوێنەری باڵیۆزی ئەمریکا لە فەڕەنسا بەخشرایە دێنیز کامبڵ.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ڕایگەیاند بە نیازە فێمێنست و داکۆکیکاری مافی ژنان "دێنیز کامبل" وەک نوێنەری باڵیۆزی ئەمریکا لە فەرەنسا و مۆناکۆ دیاری بکات.
بە پێی بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی، ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە پەسەند بکرێت، دێنیز کامبل باور، وەک نوێنەری باڵیۆزی ئەمریکا لە فەرەنسا و مۆناکۆ جێگیر دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی جۆ بایدن بڕیاریدا دێنیز وەک جێگرەوەی جیمی ناکورت دابنێت.
دێنیز، لە ساڵی ٢٠١١ وەک هاوسەرۆکی سەکۆی ڕێبەرایەتی ژنان و هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ کێشەکانی ژنان و بواری دارای کاری کردووە، هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٢ ئەندامی کۆمیتەی نیشتیمانی دیموکراتی بووە، خاوەنی بڕوانامەی زانستی سیاسییە، بەر لەوەی ببێتە وتەبێژی خاچی سوری ئەمریکی لە سان فرانسیسکۆ لە ساڵی ١٩٩٣، وەک ڕۆژنامەنوسێکی تەلەفیزیۆنی کاری کردووە.
پێشتریش دێنیز کامبل لەلایەن سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، باراک ئۆباما لە ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٧ بووەتە نوێنەری باڵیۆزی ئەمریکا لە بەلجیکا.
ت.پ