دکتۆر نەمام بووەتە نمونەیەک کە هەمووان ئازار بۆ نەبوونی دەچێژن

بەبۆنەی کۆچی دوای دکتۆر نەمام ژنانی تەڤگەری ئازادی پەیامێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کۆچی دکتۆر نەمام کەلێنێکە لە خەباتی مافی مرۆڤایەتیدا.

ناوەندی هەواڵ

 

١ی نیسانی ٢٠٢١ دکتۆر و چالاکوان، نەمام غەفوری، کۆچی دوای کرد، بەم بۆنەیەوە ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئەم کۆچە کەلێنێکی گەورەیە لە خەباتی مافی مرۆڤ بە گشتی و ژنان و مناڵانی قوربانیی بە تایبەتی".

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بە ناوی ڕێکخستنی ژنانی تەڤگەری ئازادیەوە خەمگینی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ کۆچی ژنێکی ڕاستەقینە و پزیشکێکی دڵسۆز و چالاکوانێکی خەمخۆر، دکتۆر نەمام کە بە ھۆکاری نەخۆشی کۆرۆنا لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاند: کۆچی دوایی دکتۆر نەمام کەلێنێکی گەورەیە لە خەباتی مافی مرۆڤ بە گشتی و ژنان و منداڵان بە تایبەتی، تێکۆشانی دکتۆر نەمام بە تایبەت بۆ ژنانی ڕۆژئاوا و دایکانی ئێزدی لە قۆناغێکدا بوو هەم زۆر پێویست بوو هەم مەترسیدار بوو، بۆیە ئەمڕۆ بووەتە نمونەیەک کە هەمووان ئازار بۆ نەبوونی دەچێژن.

 

لە بەیاننامەکەشدا ئاماژە بەوە دەکەن کە وەک ژنانی ئازادیخواز ئەو تێکۆشانە بەردەوام دەکەن: تێکۆشان دەکەین بۆ دروستکردنی دەیان و سەدان نمونەی دیکەی وەک دکتۆر نەمام، بەو ڕەنگە ڕۆحی ئەوان ئاسودە بکەین و خەباتیان بەردەوام بکەین.

 

ت.پ