یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان دژی هێرشەکان: هەڵوێستێکی ڕوون نیشان بدەن

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان-یەرەژە ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان لە بەنداوی تشرین بڵاوکردەوە و داوای له دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان کرد هەڵوێستی خۆیان بە ڕوونی بخەنە ڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان-یەرەژە ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان لە بەنداوی تشرین بڵاوکردەوە.

 

یەڕەژە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لە ڕۆژنامەنووسان کرد کە لە بەنداوی تشرین بۆ گەیاندنی بەرخۆدانی مێژوویی و هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ڕای گشتی جیهان خەبات دەکەن، "دەوڵەتی تورکیا بە بەکارهێنانی شێوازی نامرۆڤانە درێژە بە هێرشەکانی دەدات. بەڕوونی نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و تاوانی جەنگ دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. ڕاستەوخۆ خاک و وڵات و بوون و بەهاکانی کۆمەڵگاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج، دەیەوێت بە شێوەیەکی دڕندانە هەموو بژێوی خەڵک و ژێرخانی ناوچەکە لەناوببات".

 

"جارێکی دیکە ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە"

یەرەژە سەرنجی بۆ چالاکیی ئێشکگری لە تشرین ڕاکێشا و وتی: بەرخۆدانێکی گەورە لە دژی هێرشەکان ئەنجام دەدرێت، خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن لە ئێشکگری خۆیان لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر بەهاکانیان لە بەنداوی تشرین. بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەم بەرخۆدانە و دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی جەنگ، ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا بە ئەنقەست لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە کرانە ئامانج و شەهید کران، لە هەمان شوێن لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هێرشە توندەکان دژی خەڵک و ڕۆژنامەنوسان بێ وەستان بەردەوامن.

 

"لە دوایین هێرشدا ٣ ڕۆژنامەنووس برینداربوون"

یەرەژە هێرشی ١٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵی بەبیرهێنایەوە کە ڕۆژنامەنووسان ڕووماڵی خۆپیشاندانە گشتیەکانی بەنداوی تشرینیان دەکرد، جارێکی دیکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شانبەشانی خەڵک لە بەنداوەکەدا هێرشیان کرایە سەر. لە هێرشەکەدا دەیان کەس برینداربوون، لەنێویاندا سێ لە هاوڕێ ڕۆژنامەوانەکانمان برینداربوون و هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا، کە ڕۆژنامەنووسان لەیلا عەندە، پەیامنێری کەناڵی ڕوناهی و هەودا هەبوون ڕۆژنامەنووس و دژوار عەلیشێری ڕاگەیاندنکار بریندار بوون.

 

"هێرشەکە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە"

یەرەژە ڕایگەیاند کە جیهان گوێی لەم هێرشانە کەڕ کردووە، "بێدەنگی ئێستا ڕێگە دەدات هێرشی زیاتر لە هەر ساتێکدا ڕووبدات، ئەوەی پێویستە هەڵوێستێکی ڕوونە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. بۆیە بە پێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتننامەی جنێڤ، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ڕوونی پێشێلکاری و تاوانە. دڕندەیی ئێستا دان بە هیچ یاسا و مافێکی مرۆڤدا نانێت. لە هەموو جیهاندا بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە شێوازێکی پیس و نامرۆڤانە هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان دەکرێت و دەکوژرێن. ئێمە وەک یەرەژە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین و دەڵێین کە هەرگیز لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا پاشەکشە ناکەین بۆ ئەوەی ڕاستیەکان ڕابگەیەنین، ئێمە شانبەشانی گەل و ژنان بۆ ڕاگەیاندنی ڕاستی و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەل بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان.