"ئامانجی دیدارەکە وەرگرتنی ڕاسپاردەی باشوورە بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان"

بێریڤان محەمەد، ئەندامی پەیەدە لە بارەی دیداری باشوور دەڵێت: دەبێت وەک کورد و پێکهاتەکان شوێنمان لە دەستووری داهاتوودا هەبێت و خاوەن ستاتۆیەک بین، ئامانجی دیدارەکەش کۆکردنەوەی بۆچوون و ڕاسپاردەی باشوورە بۆ داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- "دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا"، بە بەشداری کەسایەتی سیاسی، نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ژنانی سیاسی و چالاکوان و ڕۆشنبیران و نووسەران و توێژە جیاوازەکان، کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ کەس دەبوو، دوێنێ، ٢٥ی کانوونی دووەم ساز کرا و بە ڕاگەیاندنی ڕەشنووسی پێشنیارەکانی ئامادەبووان کۆتایی هات.

 

سەرەتای دیدارەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، دوابەدوای ئەوە، وتاری دەستپێک لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەنەکە پێشکەشکرا و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، هەروەها لە درێژەی دیدارەکەدا پەیامی ڤیدیۆیی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە پێشکەشکرا و سڵاوی لە گەلی کورد لە باشووری کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا، “باشووری کوردستان لە شەڕی داعش و تا ئەمڕۆ بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە و ئەمەش جێگای ڕێزە".

 

لە درێژەی دیدارەکە پانێڵێک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ڕۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەری، پەروین یوسف، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، سیهانوک دیبو، سەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی پەیەدە، جاویدان کەمال، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان پێشکەشکرا و باس لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرا.

 

لە درێژەی دیدارەکەدا ئامادەبووان، پێشنیار و تێبینییان سەبارەت بە پرسی دیالۆگ لە سووریای نوێ و بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای کوردستان و شێوازەکانی پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو.

 

بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە باشووری کوردستان، لە بارەی "دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا" ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا شەڕێکی سەخت لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات، لە لایەنی سیاسی و سەربازی و ئابووری و هەموو لایەنەکانی دیکەوە ڕۆژئاوا و سووریادا گۆڕانکاری تیایدا ڕوودەدات، کە دەبێت وەکو کورد جێگە و پێگەی خۆمان هەبێت، وتیشی: دەبێت لە دەستووری نوێی داهاتووی سووریادا وەکو کورد جێگەمان هەبێت، لە جێگەی دیکەش دیداری هاوشێوە سازکراوە و لە باشووری کوردستانیش دیداری باشوور ساز کرا تا بۆچوون و ڕاسپاردەکانی خەڵکی باشوور وەربگرین لەسەر ڕۆژئاوا کە پێویستە لە ئێستادا چی بکرێت بۆ چەسپاندنی دەستوور.

 

بێریڤان محەمەد باسی لەوەشکرد، هەموو هەوڵمان ئەوەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان ببینە خاوەن ستاتۆیەک، و وتی: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە لە سووریاشدا ڕۆژانە شەڕ و ململانێ و ناکۆکی دروست دەبن، بەڵام دەبێت وەک کورد و پێکهاتەکان شوێنمان لە دەستووری داهاتوودا هەبێت و خاوەن ستاتۆیەک بین و ئەزموونی ڕۆژئاوا پارێزراو بێت، ئامانجی دیدارەکەش کۆکردنەوەی بۆچوون و ڕاسپاردەی باشوورە بۆ داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان.