کۆنگرەی ستار: داوای ئازادی فیزیکی پەخشان عەزیزی دەکەین
دەیان ژن بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، شوێن پێی بەرخۆدانی پەخشان عەزیزی دەکەون و داوای ئازادی جەستەیی بۆ دەکەن.
حەسەکە
پەخشان عەزیزیی زیندانی سیاسی کورد، کە ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٣ بە تۆمەتی یاخیبوون دژی حکومەتی ئیسلامی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. پاشان سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزیدا پەسەند کرد. دوابەدوای ئەوە ناڕەزایی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا دەستی پێکرد و داوای ڕاگرتنی بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی کرا.
لەو چوارچێوەیەدا کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بە بەشداری ژنانی چالاکوان، نوێنەر و ڕێکخراوەکانی ژنان بەست.
ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن ناهید سلێمان، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە و زەهرا عەلی، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی بە زمانی عەرەبی خوێندرایەوە.
"لەژێر فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیدا ژنان درێژە بە هێڵی بەرخۆدان دەدەن"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە دەسەڵاتدارەکان پلانی جینۆساید و پێشێلکاری دژی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەرتاسەری جیهان ئەنجام دەدەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا نموونەی ئێرانی هێناوەتەوە و دەڵێت: "نموونەیەکی دیکە لە سێدارەدانی ژنە سیاسەتمەداری کورد پەخشان عەزیزییە، ئیدانەی ئەو کارانە دەکەین و بەڵێن دەدەین کە جارێکی دیکە ئاستی خەبات بەرز بکەینەوە. هێڵی ئێمە هێڵی بەرخۆدانە، ئەم هێڵە ساڵانێکە بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد بەڕێوە دەبرێت و هەموومان بە شوێن پێ و دۆزی ئەو ژنە بەرخۆدێرانەدا دەڕۆین، کە ماندووبوون و خەباتیان ئەمڕۆ ڕۆڵ و ئەرکێکی بە ژنان بەخشیوە و هاودەنگی و یەکڕیزیمان لە جیهاندا بنیاد نراوە، داوا لە هەموو ژنان دەکەین دژی کردەوەکانی جینۆساید ڕاپەڕن و داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و شارەزایانی یاسایی دەکەین، ڕێگری لەو کردەوانە بکەن و لە پێناو ئازادی جەستەیی پەخشان عەزیزیدا هەنگاو بنێن".
ڕاگەیەندراوەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.