لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا ٥ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا
ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی "قودس یوم" لە غەززە و لە ئەنجامدا 5 ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی 'قودس یوم' لە کەمپی پەنابەرانی نوسەیرات لە کەرتی غەززە، لە ئەنجامدا ٥ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە، دیاری کراوە کە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلی پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی قودس یوم (alqudstoday-tv) لە کامپی پەنابەرانی نوسەیرات لە غەززە، 5 ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وێنەگر ئەیمەن ئەل-جەدی و ڕۆژنامەنووس فەیسەڵ ئەبو کومسان و ئیبراهیم شێخ عەلی و محەمەد لەد و فادی حەسوونی گیانیان لەدەستداوە.
٢٠١ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەگەڵ دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٠١ ڕۆژنامەنووس. هەروەها بە توندی ئیدانەی بەئامانجکردن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی کراوە، هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی، هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی جیهان بانگەوازییان لێکرا بۆ شەرمەزارکردنی ئەو تاوانە سیستماتیکیانەی دژ بە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێت، وتراویشە: وڵاتانی وەک ئەمریکا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەرپرسیارن لەم هێرشانە، کە ڕێگەیان خۆشکردووە بۆ ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید.
بانگەوازێک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا
هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازێک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەموو ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوانە کراوە کە کار لەسەر ڕۆژنامەگەریی و کارمەندانی ڕاگەیاندن دەکەن لە جیهاندا، بۆ ئیدانەکردنی تاوانەکانی ئیسرائیل و دادگاییکردنی ئیسرائیل لە دادگا نێودەوڵەتییەکان لەسەر کارەکانی، داواکرا کە تاوانی جینۆساید ڕابگرێت و ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی ڕاگەیاندن لە فەلەستین و بەتایبەتی لە کەرتی غەززە بپارێزرێن و فشارێکی جددی لەسەر ئیسرائیل دروست بکرێت بۆ ڕاگرتنی کوشتنەکان.