١٩١ پارێزەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بانگەوازییان کرد

١٩١ پارێزەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدانە کرد و داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بە زووترین کات ڕێگری لە هێرشەکان بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

١٩١ پارێزەر لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نامەیەکی هاوبەشیان ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

 

لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو هێرشانەی کە بە ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن، زیانی گەورە بە مرۆڤایەتی دەگەیەنن و ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و وێرانکردنی ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستانی لێدەکەوێتەوە.

 

"بە زووترین کات پێش بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بگرن"

لە درێژەی نامەکەدا هاتووە: بەئامانجکردنی کوردانی ڕۆژئاوا پێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵات، هەوڵێکە دژی یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی، ئێمە پشتگیری لە کوردانی ڕۆژئاوا دەکەین، چونکە ئەوان ڕەمزی بەرخۆدانن لە بەرامبەر تیرۆریستان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، شاندی سەربەخۆ بنێرن بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە زووترین کات پێش بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بگرن، چونکە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر کردووە.