"ئەوەی باوەڕی بە خاک نەبێت ئەو زمانەی لێ حەرامە پێی دەدوێت"
ئیمان یادەوەر، هۆنەر و نووسەر لە شاری هەولێر لە بارەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بێدەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی فەیسبووکی خۆیەوە هەڵوێستی خستووەتەڕوو
ناوەندی هەواڵ
ئیمان یادەوەر، هۆنەر و نووسەر لە شاری هەولێر لە بارەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بێدەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی فەیسبووکی خۆیەوە هەڵوێستی خستووەتەڕوو و دەڵێت: حزبە کوردستانییەکان کە خۆیان بەرهەمی شۆڕشن و تا ئێستایش ئەگەر بە سەرزارەکیش بێت باوەڕیان بەدەوڵەتی گەورەی کوردستان هەیە، بەڵام ئەوەتا دەبینین لە ئاستی ئەو ڕووداو و بەرخۆدانانەی کوردانی ڕۆژئاوا دەیکەن بێدەنگن.
هەڵوێستی ئیمان یادەوەر؛
ئەوەی باوەڕی بە خاک نەبێت ئەو زمانەی لێ حەرامە پێی دەدوێت
هەمووان دەزانین دیزاینکردنی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدەست چەند وڵاتێکی زلهێزەوەیە و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لە هەمبەر وەحشیگەری تورک و هاوئاوازەکانیان دا دژی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دەستەوسان دابنیشین و تەنانەت نەتوانین ئیدانەشی بکەین.
حزبە کوردستانییەکان کە خۆیان بەرهەمی شۆڕشن و تا ئێستایش ئەگەر بە سەرزارەکیش بێت باوەڕیان بەدەوڵەتی گەورەی کوردستان هەیە، بەڵام ئەوەتا دەبینین لە ئاستی ئەو ڕووداو و بەرخۆدانانەی کوردانی ڕۆژئاوا دەیکەن بێدەنگن و تەنانەت ناوێرن لەبەر خاتری مانەوەی خۆیان هێرشی دوژمن ئیدانە بکەن و پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا ببن .
ئەگینا چۆن ڕۆڵەکانمان لە ڕۆژئاوا لەنێو ئاگر و ئاسندا شەڕی مردن دەکەن ؟ بە هەواڵی نازانن!!
بۆیە بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵی کوردان و قارەمانانی ئازادی هەستی کورد بوون لە پەرتبوون دەپارێزێت کە بڕوا نەبوون بە خاک و زمانی سەربەخۆ خەونی لەمێژینەی دوژمنانی کوردە و چەندین ساڵە لە ڕێگەی حزبەکان و میدیاکانیانەوە کاری بۆ دەکەن، لەهەموو خوشک و برایەکی کوردی خوێن پاک و ڕۆشنبیرانی پێنوس بێگەرد و ڕاستەقینە داوا دەکەم، تۆڕی کۆمەڵایەتی موبایلەکانیان بکەن بە میدیا و لە هەموو لایەک بە باش و خراپ و بە ئازار و بە سەرکەوتنەکانیانەوە وەک تیر بیووەشێنن بە ناوەڕاستی چاویاندا.
تا بزانن بیری ئازادی و شۆڕشی بەردەوامی کوردان لە ترۆپکی خۆیدایە و دواجار بڕیاردەرانی جیهان لەژێر کاریگەری گیانفیدای و ئازایەتی و دانایی کوردا، ئەو بڕیارە هەڵەیەیی کە چل ملیۆن کوردی لە خاکی ڕاستەقینەی خۆی بێبەش کرد بە دروستکردنی دەوڵەتی گەورەی کوردستان ڕاست دەکەنەوە، چەندە جوانە بەرخودان و بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەگەر ئەو شۆڕش و بەرخۆدانە هیچیشی لێ سەوز نەبێت ئەوەی شەڕڤانان کردوویانە دڵۆپێک لە نائاسوودەییەیان نەهێشتووەتەوه بۆ بەرگری لەخاکی کوردستان.
سڵاو لە ڕۆژئاوا و سەرۆک مەزڵوم، شەرەف و شکۆ و کوردبوون دەبارێت. هیواو سەبوری و ئیرادە و ئەخلاق دەبارێت، بژیت بەرخۆدانی ڕۆژئاوا.
نەفرەت لە فاشیزم و جاشیزم، نەفرەت لە زاڵمان لەهەرکوێیەکی دونیان.
وەک کاک ڕەزا حەمە دەفەرمووێت
ئەگەر لەشم سەد پارچە کەن
بمدەنە ژێر گوولە و ڕەگبار
بچمە سەردار قسەی دڵم دێتە سەرزار
کوردستان هەر وڵاتێکە و نابێت بە چوار
ژن ژیان ئازادی