ئەناهید قەسەبیان: هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی پاراستنی مافی گەلان و ئایین و بیروباوەڕەکانە
ئەناهید قەسەبیان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی ڕایگەیاند، لە بونیادنانی سووریای نوێدا پێویستی بە ڕۆڵی ژنان و پاراستنی هەموو ئایین و بیروباوەڕ و ڕێکخراوەکان هەیە، بۆ ئەمەش هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی نموونەیە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- ئەنجومەنی گشتیی خۆبەرێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٤دا هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد و سێ جار پێداچوونەوەی بۆ کرد، دوای ئەو گۆڕانکاریانەی کە کرا، دواجار لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی وەک کۆتا داڕشتەی پەسەند کرا و بەپێی هەموو گەل و ناکۆکییەکانی هەرێم ئامادە کرا، ژنان لە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیدا پێگەیەکی تایبەتیان هەیە، ژمارەیان لە لیژنەکاندا ٥٠%یە، لە هەموو بوارێکدا شوێن دەگرن و مافیان دەبێت، لە هەمانکاتدا کار بۆ ئامادەکردنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژنان دەکرا.
ئەناهید قەسەبیان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی تیشكی خستەسەر ڕۆڵی ژنان له بونیادنانی سووریای نوێدا و وتی: هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی نموونەیە لە بابەتی پاراستنی بوونی ژن و گەلان و هەموو بیروباوەڕەکان.
"پێویستی بە دەستورێکی دیموکراسی هەیە"
ئەناهید قەسەبیان دووپاتی کردەوە کە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا هەموو پێکهاتەکان لە دژی سیستمی دەسەلاتدایی تێدەکۆشن و بەرخۆدانیان کردووە و ئێستا کاتی پاراستنی دەستکەوتەکانە وتی: شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد، لەناو ئەم شۆڕشەدا دەرفەتی ئەوەی بۆ هەموو پێکهاتەو و ئایین و مەزهەبەکان درا کە لە ژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدا ئازادانە بژین، شۆڕشێک بە پێشەنگایەتی ژن بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبێت و سیستمی بەڕێوەبردنی ئەو شۆڕشە بە شێوەیەکی یەکسان و ئازاد بەڕێوە دەچێت، ژنانی ئەرمەنیش بەشدارییان لەم شۆڕشەدا کرد و ئێمەش بە یەکخستنی پێکهاتەکان زۆر دەستکەوتی پیرۆزمان بەدەستهێنا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووویا هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لەلایەن ئەنجومەنی گشتی خۆبەڕێوەبەری جێبەجێ کرا، هاوپەیمانێتییەکە لەسەر بنەمای ئازادی ژنان و یەکسانی و پاراستنی هەموو ئایین و مەزهەبەکان و مافی هەموو پێکهاتەکان جێبەجێ کرا، ئێستا لە هەموو ویلایەتەکاندا دەستوور هەی، بەپێی ئەو دەستوورە دەستوورەکە دیموکراسی نییە، دەستوور بە پێی بەرژەوەندی دەسەڵاتداران نووسراوە، بۆیە بە پێی بەرژەوەندی کۆمەڵگە نییە، بەڵام هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی خودی کۆمەڵگەیە، چارەنووسی خۆی بە دەستی دەنووسێت و دەیپارێزێت، لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێت چۆن دەتوانین وەک کۆمەڵگە و نەتەوە و ئایین و باوەڕ بە پێی حەقیقەتی ناوچەیی خۆمان بژین و یەکترمان خۆش بوێت.
"بەبێ ڕۆڵی ژنان، سووریایەکی دووبارەبووەوە بونیاد دەنرێت"
ئەناهید قەسەبیان ڕایگەیاند کە ماف و پێشکەوتنی ژنان لە سووریادا ڕێگری لێدەکرێت و وتی: دەستووری نوێی سووریا دەبێت دیموکراسی بێت و مافی هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبێک بپارێزرێت، ئەمڕۆ ئەو سیستمەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ کرا، ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست اتن، دیارترین نموونەی سیستمێکی سەرکەوتووە کە مافی هەمووان لە ڕووی نەتەوەیی و زمان و کولتوور و ئایینەوە دەپارێزێت، پێویستە ئازادی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا مسۆگەر بکرێت، چونکە ئەوەی ڕێگەی دا کۆمەڵگە بگاتە ئەو ئاستەی کە سووریا بگاتە پرۆسەی ڕزگاربوون لە سیستمە ستەمکارەکان، ئەوە ژنە، ئەگەر مافی ژنان نەپارێزرێن، سووریا لەناو دەچێت، ٥ هەزار ساڵە ژنان لەژێر دەسەلاتدارییدا بوون، لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاواو خەباتی مێژوویی بەردەوامی ژنان، ئەمڕۆ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆیلایەتی ڕزگاریان بووە، بەڵام لە هەموو سووریادا نا. لە سووریا بەر بە پێشەنگی و ماف و سەرهەلدانی ژنان گیراوە، بۆیە دەبینین ئەو سیستمەی کە ژنان هیچ ڕۆڵ و ماف و پێشەنگایەتییەکی تێدا نییە، ئەو سیستمە لەناو دەچێت و سووریایەکی دووبارەبوونەوەی کۆیلایەتی و نایەکسانی بونیاد دەنرێت.
"چەمکی قڕکردنی گەلان لە ڕێگەی ئایین لە سووریا دووبارە دەبێتەوە"
ئەناهید قەسەبیان ئاماژەی بەوەکرد، چەمکی قڕکردنی گەلان لە ڕێگەی ئایینەوە بەردەوامە و وتی: لەگەڵ سەرەتای شۆڕشدا چەتەکانی داعش کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە ڕێکخراون و نێردراون، بەشێوەیەکی دڕندانە و بێ رەوشتی ئایین و بیروباوەڕیان کردە ئامانج، لە هەموو گوندەکانی ئاشووری و ئەرمەنی، کڵێسا و گۆڕستانەکانیان وێران کرد و سووتاند، ئەمڕۆ دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە حەما، مێژوو دووبارە دەبێتەوە، زۆرێک لە کڵێسا و گۆڕستان و دارەکانی کریسمس سووتێندران و لەناوچوون. دەبینین چەمکی جینۆساید لە ڕێگەی ئایینەوە دووبارە دەبێتەوە.
بۆچی هەموو گەلان خۆبەڕێوەبەری قبوڵ دەکەن؟
ئەناهید قەسەبیان جەختی لەسەر سیستمی خۆبەڕێوەبەری کردەوە کە وەک چەترێک بۆ پاراستنی مافەکانی گەل سەیر دەکرێت و وتی: سیستمی خۆبەڕێوەبەری، واتە دەتوانین بڵێین ئەو هاوپەیمانییە کۆمەڵایەتییەی کە نووسرابوو، مافی هەموو نەتەوەیەکی پاراست، ئەمڕۆ لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەژێر سیستمی خۆبەڕێوەبەریدا بەڕێوەدەبرێن، ڕێزگرتن، خۆشەویستی، یەکتر قبوڵکردن و پاراستنی مافەکان هەیە، بۆیە هەموو پێکهاتەیەک ئەم سیستمە قبوڵ دەکات، شۆڕش بۆچی دروست بوو؟ لەبەرئەوەی گەل بەهۆی سیستمی زوڵم و چەوسانەوە، بەبێ ماف، کۆیلایەتی و کۆمەڵکوژی قبوڵ نەدەکرد، بۆیە سیستمی خۆبەڕێوەبەری وەک چەترێک بۆ پاراستنی مافەکانی گەل تەماشا دەکرا، ئێمە دەمانەوێت کاتێک دەستوور بنووسرێت، دەستوورێک لەلایەن گەلی سوریاوە بنووسرێت، مافی هەموو نەتەوەیەک تێیدا پارێزراو بێت و ئازادی ژنان لەبەرچاو بگیرێت.
ئەناهید قەسەبیان داوای لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان کرد و وتی: با هەموو ژنانی سووریا بیرو فەلسەفەی خۆیان هاوبەش بکەن بۆ ئەوەی بتوانین سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک بونیاد بنێین.