ئاگربەستی چوار ڕۆژە کۆتایی دێت و گفتوگۆکان بۆ درێژکردنەوەی بەردەوامن

ئاگربەستی مرۆیی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل چووە چوارەم و کۆتا ڕۆژەوە، کە تیایدا ژمارەیەک زیندانی ئازادکران و یارمەتی بەپەلە گەیەندرایە کەرتی غەززە، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ زیادکردنی ژمارەی دەستگیرکراوان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئاڵوگۆڕکردنی سێیەم کۆمەڵەی زیندانییە فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی تشرینی دووەم،، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ١٤ زیندانی ئیسرائیلی و ٣ بیانی و ڕوسی ڕادەستی خاچی سوور کراون، لە کاتێکدا ئیسرائیل ٣٩ زیندانی فەڵەستینی ئازادکردووە، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتی کە هەینی ڕابردوو چووە بواری جێبەجێکردنەوە و تا دووشەممە بەردەوام دەبێت.

 

لە ماوەی ئاگربەستەکەدا، ١٢٠ بارهەڵگری فریاگوزاری لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە چوونە ناو غەززەوە، لەنێویاندا دوو لۆری سووتەمەنی و دوو گازی چێشتلێنان، کە ژمارەی ئەو لۆرییانەش کە لەوەتەی ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە گەیشتە ٢٤٨ بارهەڵگر.

 

ئیسرائیل مەرجی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە هەیە

میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە، حەماس هەوڵدەدات ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی چوار ڕۆژەکە، بۆ زیادکردنی ژمارەی دەستگیرکراوەکان، هەروەک لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی مرۆییدا هاتووە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل وتیان: دەستیان کردووە بە گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارەکە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستە مرۆییەکە بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە، بە مەرجێک حەماس هەموو ڕۆژێک ١٠ بارمتەی دیکە ئازاد بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتری فەڵەستینی.

 

بەڵام قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەردەوامە لە خراپتربوون دوای ٧ هەفتە لە هێرشەکانی ئیسرائیل کە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

 

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ١١ ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە ئازاد بکرێن لە بەرامبەر ٣٣ زیندانی فەڵەستینی، ئەمەش دوای ئەوەی لە سێیەم ڕۆژی ئاگربەستەکەدا پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل ڕوویدا، تیایدا جوتیارێکی فەڵەستینی کوژرا و یەکێکی دیکە بریندار بوو لە ڕۆژهەڵاتی کامپی مەغازی لە ناوەندی کەرتی غەززە.

 

ڕێککەوتنی ئاگربەستی مرۆیی بریتییە لە ئازادکردنی ٥٠ بەندکراوی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی ١٥٠ بەندکراوی فەڵەستینی.