عەفرینییەکان بەهۆی مەترسی بوومەلەرزەوە لەبەر ماڵەکاندا چادریان هەڵداوە

ئەو ژنانەی عەفرین کە ڕوویان لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە، بۆ ئەوەی خۆیان لە بوومەلەرزەکە بپارێزن، لە بەردەم ماڵەکانیان چادری بچووکیان هەڵداوە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە باکووری کوردستان هەزاران باڵەخانە لە ١٠ شاری باکووری کوردستان و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا زیانیان بەرکەوت و هەزاران کەس گیانیان  وێرانبوونی هەزاران باڵەخانە لە دە شار، ناوچەکانی سوریاشی گرتەوە و دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدام ژمارەی قوربانیانی ئەم کارەساتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیە زیانی بەرکەوتووە.

 

کۆچبەرانی عەفرین کە لە شەهبان، تا ئێستاش لە ژێر گەمارۆی حکومەتی دیمەشق دان، تەنها بۆ ئەوەی خۆیان لە بوومەلەرزەکە بپارێزن، چادری بچووک لە بەردەم ماڵەکانیان دادەنێن و تێیدا دەمێننەوە، ژنانی کۆچبەری عەفرین کە لە گوندی مەرات لە ناحیەی ئەحداس سەر بە شەهبا نیشتەجێ بوون، باسیان لە ژیانی ناو چادرەکان کرد.

 

"بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ماڵەکەم زیانی بەرکەوتووە"

ئەمینە کۆلێش کە خەڵکی گوندی سەنارەی سەر بە کانتۆنی عەفرینە، بەمەبەستی خۆپاراستن لە بوومەلەرزەکە لە بەردەم ماڵەکەیدا بە کەرەستەی سادە چادرێکی کردوەتەوە، وتی: بە هۆی هێرشی دوژمنەوە لە عەفرینەوە بۆ شەهبا کۆچمان کرد، لە شەهباش زۆرێک لە خانووەکان بەهۆی شەڕەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و وێران بوون، بوومەلەرزەکە زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، ماڵەکانمان زیانیان بەرکەوتووە و لەسەر دیوارەکان کاریگەری بوومەلەرزەکە بەجێماوە، ناچار بووین لە بەردەم ماڵەکاندا چادر هەڵبدەین، لە ژێر چادرەکەدا ٧ کەس دەمێنینەوە و شەوان تێیدا دەخەوین، منداڵەکانم لە حەلەب بوون و دوای بوومەلەرزەکە هاتنە لای من و پێکەوە دەمێنینەوە، ئاواتی من ئەوەیە بگەڕێمەوە بۆ عەفرین تەنانەت ئەگەر لەم خێمە بچوکەشدا بژیم بە لە خاکی خۆمدا بم.

 

١٩ کەس لە چادرێکی بچووکدا دەژین

ئەمینە حسێن، هاوڵاتییەکی ناوچەی جندرێسە لە عەفرین، لەگەڵ ١٩ ئەندامی خێزانەکەی لە چادرێکدا دەژین و دەڵێت: ئێمە لە گوندی مەراتی شەهبا دەژین، بەهۆی داگیرکاریی تورکیاوە خاکمان بەجێهێشت و کەرامەتی خۆمان پاراست، لە کاتی بوومەلەرزەکەدا باران و سەرما بوو و ماڵەکەمان بەجێهێشت و تا بەیانی لە دەرەوە لە ژێر بەتانیدا دانیشتین، منداڵەکانم لە باڵەخانەکانی حەلەب دەژین و زۆر مەترسیدارە، بۆیە ئێستا هاتوونەتە لای ئێمە، مناڵەکانیان بچووکن و دەترسن، بە نایلۆن و بەتانی چادرمان دروستکرد و ١٩ کەس تێیدا دەژین.

 

لەناو بارهەڵگرەکاندا  چادرەکانی خۆیان دروستکرد

سادات ڕەشید ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە چادرێکیان لەناو بارهەڵگردا دروستکردووە و وتی: بەو پێیەی زۆرێک لە خانووەکانی شەهبا بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە زیانیان پێگەیشتووە، ناچاربووین چادرێک لە بەردەم ماڵەکەماندا بکەینەوە، ئێمە لەناو بارهەڵگردا چادرمان هەڵدا و ئێواران تێیدا دەخەوین، شوێنەکە تەنگە بۆیە تا بەیانی بەخەبەر دادەنیشین، ئەم چادرانە تەنها بۆ ئەوەیە لە کاتی بوومەلەرزەدا خۆمان بپارێزین، خەڵک و کەسوکارمان لە جندرێس لە ژێر داروپەردوودا مانەوە و گیانیان لەدەستدا، ئەگەر باران ببارێت، ئاوەکە دەچێتە ژێر چادرەکانمانەوە، ئێمە ١٥ کەسین لە چادرێکدا دەژین.