خوێندکاران بۆ ئەمڕۆ داوای ڕاپەرینی سەرتاسەری دەکەن

دوابەدوای لەسێدارەدانی موحسین شیکاری، چەندین ڕێکخراوی خوێندکاران داوایان کرد کە ئەمڕۆ ١٠ی کانوونی یەکەم، ڕاپەرینی سەرتاسەری ئەنجام بدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەم، ڕۆژێک دوای لەسێدارەدانی یەکەم هاوڵاتی دەستگیرکراو لە خۆپیشاندانەکانی ئێران، چەند ڕێکخراوێکی سەرتاسەری ئێران داوایان کرد، کە ئەمڕۆ ١٠ی کانوونی یەکەم ڕاپەرین لە سەرتاسەری ئێران ئەنجامبدرێت.

 

چەندین ڕێکخراوی خوێندکاران و ژنان و گەنجان بۆ مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان، ئەو داوایەیان بۆ ئەمڕۆ کردووە.

 

موحسین شیکاری لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارەدرا، یەکەم لەسێدارەدان بوو بە بیانووی بەشداریکردن لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامانجی سەرکوتکردنی خەڵک و تۆقاندنی ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراوان، کە لەناویاندا منداڵان هەن، ئەو تاوانەی ئەنجامدا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشتر هۆشداریان دابوو لە لەسێدارەدان بەئامانجی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا.

 

ژمارەیەک لە واژۆکارانی داوای ڕاپەرینی سەرتاسەری بریتیین لە: "کۆمەڵەی خوێندکارە پێشەنگەکان، هاوپەیمانی زانکۆی تەکنەلۆجیای ئەسفەهان، هاوپەیمانی خوێندکارانی شەهرکورد، ژنانی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانی کوردستان، کۆری شۆڕشگێڕی گەنجانی زاهیدان، گەنجانی گەڕەکەکانی سنە، گەنجانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکانی کامیاران، زانکۆی تەربیات مودەرس، زانکۆی ئەسفەهان، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەسفەهان، زانکۆی ئازادی فەلاوەرجان، زانکۆی ئازادی ئەسفەهان، زانکۆی خوراسگان، زانکۆی تەکنەلۆجیای ئەسفەهان، گەنجانی شۆڕشگێڕی جاورود، گەنجانی شۆڕشگێڕی دزلی، زانکۆی ئازادی نەجەف ئاباد و هتد".