دۆسیەی شیرین ئەبو عەقلە: ئەمریکا لێکۆڵینەوە دەکات و ئیسرائیل وتی "مۆڵەتی نییە"

ئەمریکا لێکۆڵینەوەی لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی شیرین ئەبو عەقلە دەستپێکردووە کە لە مانگی ئایاردا لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە کوژرا، ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە زانیارییەکان ناخەنە ڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی لەبارەی کوشتنی شیرین ئەبو عەقلە، پەیامنێری فەلەستینی کەناڵی جەزیرە، کە لە ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری جنین لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە کوژرا، دەستیپێکرد.

 

لە دۆسیەی شیرین ئەبوعەقلە، کە هاوکات هاوڵاتییەکی ئەمریکیشە، دەوترێت FBI حکومەتی ئیسرائیلی لە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری لێکۆڵینەوەکە، ڕێگرییەک دروستبوو، بەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕەتیکردەوە وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوەکە بخاتەڕوو، بێنی گانتز وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە هاوکاری ئەمریکا ناکەن سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکە.

 

وەزیری بەرگری ئیسرائیل: ڕێگەی پێنادەین

بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند: بڕیاری کردنەوەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا سەبارەت بە مردنی شیرین ئەبوعەقلە، هەڵەیە، لە بەیاننامەیەکیشدا ڕایگەیاندووە، ئەو وەک حکومەتی ئیسرائیل پشتیوانی سوپاکەیەتی و هاوکاری لێکۆڵینەوەیەک ناکات کە لە دەرەوە ئەنجام بدرێت و ڕێگە بە دەستوەردانی لێکۆڵینەوە ناوخۆییەکانیش نادات.

 

چی ڕوویدا؟

ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی شیرین ئەبو عەقلە، لە ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری جنین لە کاتی ئەرکدا کوژرا. باس لەوە کرا کە تەقە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە کراوە، بەڵام ئەمە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەتکرایەوە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە لێدوانەکانیاندا پڕوپاگەندەی ئەوەیان کرد کە، ئەو ڕۆژنامەنووسە "لە ئەنجامی تەقەی هەڕەمەکی چەکدارانی فەلەستینی گیانی لەدەستداوە".

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەدواداچوونەکانیدا سەبارەت بە شیرین ئەبو عەقلە، ڕایگەیاندووە، "هەموو ئەو بەڵگەنامانەی تا ئێستا لێکۆڵینەوەمان بۆ کردوون، لەوانەش زانیارییە فەرمییەکانی سوپای ئیسرائیل و داواکاری گشتی فەلەستین، پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو فیشەکانەی شیرینی کوشت و عەلی سومودی هاوڕێی بریندار کرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە تەقێندراون، پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا سەرەڕای هەموو پەیوەندییەکان ڕەتیکردبووەوە لێکۆڵینەوە لە لایەن ئەمریکاوە بکاتەوە. بەرپرسانی حکومەت ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل پێویستە لێکۆڵینەوە لە سەربازەکانی بکات. لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا، حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەگەری زۆرە یەکێک لە سەربازەکانی تەقەی لە ئەبو عەقلە کردبێت، بەڵام ئەوە "بەڕێکەوت" بووە، بۆیە لێکۆڵینەوە ناکەنەوە.