زەینەب جەلالیان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد

زەینەب جەلالیان ئاماژەی بەوەکرد، بۆ پشتگیری ٦١ ژنی زیندانی کە لە دژی لە سێدارەدان مانیان لە خواردن گرتووە، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد کە لە زیندانی یەزد زیندانی کراوە، بۆ پشتگیریکردنی ٦١ ژن کە دژی سزای سێدارە مانیان لە خواردن گرتووە، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.

 

کەسوکاری نزیکی زەینەب جەلالیان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، زەینەب جەلالیان، کە لە زیندانی یەزد زیندانی کراوە، لەژێر گۆشەگیریدایە و پەیوەندی تەلەفۆنیی لێ ئاستەنگ کراوە، بەڵام سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، بۆمان دەرکەوت کە ئەو بەشداری لە مانگرتن لە خواردن کردووە بۆ پشتگیریکردنی ئەو ژنانەی لە زیندانی ئەڤین لە دژی لە سێدارەدان مانیان لە خواردن کردووە.