بەلەمێک کە کۆچبەری هەڵگرتبوو منداڵ و ژن لەناویدا بوون، لە کەناری لیبیا نوقم بوو

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕایگەیاند، نزیکەی ٦١ کۆچبەر کە لەناویاندا منداڵ و ژن هەن، دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان لە کەناری لیبیا بێسەرشوێنن و پێدەچێت گیانیان لەدەستدابێت.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان و خەونیان بە گەیشتن بە ئەوروپاوە، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی خنکاون هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە و زیاتر لە دوو هەزارو ٢٥٠ کەس لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا.

 

نوسینگەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە لیبیا ڕۆژی شەممە ١٦ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند بەلایەنی کەمەوە ٦١ کۆچبەر بەهۆی "شەپۆلی قورس"ەوە بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوتووەو گیانیان لەدەستداوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەیان هاوڵاتی نایجیریا و گامبیا و وڵاتانی دیکەی ئەفریقان، هەروەها منداڵ و ژن هەن و ٢٥ کەسیش ڕزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندێکی زیندانیکردنی لیبیا لە تەرابلوسی پایتەخت.

 

لیبیا و تونس خاڵی سەرەکین بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە لە باکووری ئەفریقاوە بگاتە ئەوروپا، بەپێی دوایین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران "UNHCR" ، لەمساڵدا زیاتر لە ١٥٣ هەزار کۆچبەر لە تونس و لیبیاوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.