تەندروستی عێراق: ٣٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجەی تۆمارکراو چارەسەر وەردەگرن
وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری لەبارەی نەخۆشی شێرپەنجە دەدات و ڕاگەیاند کە توشبوون بە شێرپەنجە لە ساڵێکدا لە عێراق نزیکەی ٨٠ حاڵەتە لە هەر ١٠٠ هەزار عێراقییەکدا.
ناوەندی هەواڵ
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسێکی عێراقی ئاماژەی بەوەداوە کە ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لە زیادبووندایە و ڕایگەیاند، "تا ئێستاش شێرپەنجە ١٠ یەکەم هۆکاری مردنە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوکات ڕێژەی تووشبوون لە ساڵێکدا لە عێراق کەمترە لە ٨٠ حاڵەت لە هەر ١٠٠ هەزار عێراقی".
هەر بەپێی وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەو حاڵەتانەی لە عێراق تۆمارکراون لە چوارچێوەی تێکڕای جیهانیدایە، بەو پێیەی کۆی گشتیی گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠ هەزار حاڵەتی تۆمارکراو کە لە ئێستادا چارەسەر وەردەگرن، ئاماژەی بەوەشکرد "دواکەوتنی دۆزینەوەی نەخۆشییەکە کێشەیە لەبەردەم تەشەنەی نەخۆشییەکەدا بە تایبەت شێرپەنجەی مەمک، کە لە قۆناغی (سێیەم و چوارەم)ی نەخۆشییەکەدا درکی پێدەکرێت و دوای ئەوەی بڵاوبووەتەوە بۆ ئەندامەکانی جەستە و چارەسەرەکەی قورستر و گرانتر و ئاڵۆزترە".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق داوای پێویستی ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە ناگوازراوەکان بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک دەکات لەڕێگەی خۆپشکنین یان پشکنین لە ناوەندەکانی دۆزینەوەی پێشوەختە کرد.