ئازادی ڕۆژنامەگەریی ژنان: دەستگیرکردنی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان وەک چەک بەکاردەهێنرێت

ئازادی ڕۆژنامەگەریی ژنان ڕایگەیاند، دەسەڵات دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان وەک چەک بەکاردەهێنێت و ڕایگەیاندووە کە ٩٢ ڕۆژنامەنووسی ژن لە زیندانەکاندا ڕاگیراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئازادی ڕۆژنامەگەریی ژنان سەر بە هاوپەیمانی ژنان لە ڕۆژنامەگەریدا، دوای ٣ی ئایار، ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕاپۆرتێکی لە بارەی ژنانی ڕۆژنامەنووس بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، کە دەسەڵاتداران زیندانەکان وەک چەک بەکاردەهێنن، بەتایبەتی دژی ڕۆژنامەنووسان، "لە هەموو جیهاندا حکومەتەکان خراپترین ئامرازیان بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان دۆزیوەتەوە، لە ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەری ئەمساڵدا زیادبوونی مەترسیدار لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەبینین، بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان لە زیندانەکاندا جددیترین شێوەی سانسۆرە کە پرەنسیپی بنەڕەتی ئازادی ڕۆژنامەگەری پێشێل دەکات".

 

"هەڕەشەکان قوڵتر دەبنەوە"

ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتەسەر ئەو هەڕەشانەی لەسەر ڕۆژنامەنووسان لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە و تیایدا هاتووە: چاوەڕێ دەکەین دەستبەجێ گەرەنتی بەرهەمهێنانی هەواڵی ئازاد و بێ ترس بۆ ڕۆژنامەنووس دەستەبەر ببێت، چونکە تا دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان بەردەوام بێت، مەترسی لەسەر ڕادەربڕین و دیموکراسی بە قوڵی بەردەوام دەبێت، نابێت پشتیوانی لە دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بکەین کە ڕاستی و لێپرسینەوەمان بیردەخەنەوە، داتاکانمان ئەوە دەردەخەن کە دەستگیرکردنەکان تەنها ئاراستەی دەسەڵاتە نادیموکراسیەکان نییە، بەڵکو بووەتە هەڵمەتێکی گشتی لە سەرانسەری جیهاندا".

 

٩٢ ڕۆژنامەنووسی ژن لە زینداندان

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کرا کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٢ ڕۆژنامەنووسی ژن لە زیندانەکاندا دەستبەسەرن و ئەم زانیاریانەی خوارەوە بڵاوکراونەتەوە: "لە ساڵی ٢٠٢٤دا دۆخی دابەشکراوی نێودەوڵەتی زیاتر و زیاتر مەترسیدار دەبێت بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئەمساڵ تاهیرە نۆشین ڕانا لە پاکستان بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا، ئیسرائیل لە بۆردوومانی غەززەدا هیبە ئەلعەبادلا و کچەکەی بە ناوی جودی و عەلا حەسەن ئەلحەمس و ئەنگام ئەحمەد عەدوانی کوشت، لە مانگی نیسانەوە تا ئەمڕۆ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن لە زۆرێک لە ناوچەکاندا ڕوو لە زیادبوون دەکات، لە ئێستادا ٩٢ ڕۆژنامەنووسانی ژن لە زینداندان. هەندێکیان ڕووبەڕووی دەیان ساڵ زیندانی دەبنەوە، هەندێکی دیکەش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، تەنها لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا ٥٧ ڕۆژنامەنووس ڕاگیراون و دەستگیرکراون و زیندانی کراون.

 

هەراسانکردن و جیاکاری و سێکسیزم بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو کە، زانیاریەکان تەنها پێشێلکردنی مافەکانی ئەو ژنانە نییە، بەڵکو کاتێک دەچنە ناو زیندانەوە، تووشی هەراسانکردن و هەڵاواردن و جیاکاری ڕەگەزی دەبنەوە، ئەمەش تەنها لە بێدەنگکردنی ژناندا سنووردار نییە، بەڵکو پەیامێک بۆ ژنان دەنێرێت و دووریان دەخاتەوە لە ڕۆژنامەگەری، ئەو داتایانەی لەبەردەستماندان، دۆخی بەئامانجگرتنی ژنانی ڕۆژنامەنووس و ئەو بەربەستانەمان نیشان دەدات، کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.