دایە شەنیاشار ١٦ ڕۆژە لە مانگرتندایە

مانگرتنی دایە شەنیاشار و کوڕەکەی ماوەی ١٦ ڕۆژە بەردەوامە، ئەو دایکە لە پای کوشتی سێ کەسی خێزانەکەی داوای دادپەروەری دەکات و دەڵێت: من ژیانێکی بەم شێوەیە قبوڵ ناکەم.

ناوەندی هەواڵ

 

ئامینە شەنیاشار لە هێرشێکی پاسەوانانی ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەدا، حاجی ئەسوەد شەنیاشاری هاوژینی و جەلال و عادلی کوڕی کوژران، سێ کوڕی دیکەشی بە ناوەکانی فازیل، فەرید و محەمەد بریندار بوون، فازیل هەر لەو کاتەی لە نەخۆشخانەدا چارەسەری بۆ برینەکەی وەردەگرت، دەستگیردەکرێت، سێ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕ بووە بەڵام هەتا ئێستا هیچ تاوانبارێک دەستگیر نەکراون.

ئەو دایکە لەگەڵ فەریدی کوڕیدا لەبەردەم دادگای ڕەحا ماوەی ١٦ ڕۆژە دەستی بە مانگرتن کردووە و داوای ئەوە دەکات هەرچی زووە تاوانباران دەستگیر بکرێن.

 

چالاکییەکانی ئەو بنەماڵەیە بەردەوامە و لەبەردەم دادگای ڕەحادا بە بەرزکردنەوەی دروشمی "دادپەروەری لەکوێیە؟"دەستیان بە چالاکی دانیشتن کرد، مانگرتنەکەی دایە ئامینە و کوڕەکەی بۆ دەستگیرکردنی بکوژانی خێزانەکەیەتی و دەڵێت: "ئەگەر بشمرم لێرە ناڕۆم، ئەگەر دەتانەوێت من بگرن، بەڵام من هەرگیز ژیانێکی لەمجۆرە قبوڵ ناکەم".

 

حاجی ئەسوەد، جەلال و عادل شەنیاشار لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ و لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەماندا لەلایەن پاسەوانانی پەرلەمانتارێکی ئاکەپەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و دەکوژرین، دایە ئامینە و فەریدی کوڕیشی ماوەی ١٦ ڕۆژە بەردەوامن لە مانگرتن لەبەردەم دادگای ڕەحا بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری.

 

ت.پ