داوای ئاشتی و سەقامگیری دەکرێت

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێستا کاتی ئاشتییە، جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی و دادپەروەرییە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە بۆنەی تێپەڕبوونی یەکەمین ساڵیادی هێرشەکانی ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کە لە لایەن چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستێپێکرد پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، داوای کۆتایهێنان بە خوێنڕشتن و توندوتیژیی لە غەزە و لوبنان و بێدەنگکردنی چەک و بەرقەرارکردنی ئاشتیی لە ناوچەکەدا دەکەین.

 

وتیشی: ئەو شەڕەی کە دوای هێرشە ترسناکەکانی ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکرد و ژیانی خەڵکی غەزەی وێرانکرد و ئازاری مرۆڤەکانی دا ئێستاش بە هاوڵاتییانی لوبنانی دەگەیەنێت.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا کاتی ئاشتییە، جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی و دادپەروەرییە، داوا لە حەماس دەکەین دەستبەجێ و بەبێ مەرج زیندانییانی ئیسرائیلی ئازاد بکات.