داوای وەستاندنی ڕوماڵی کوشتن و خۆکوشتن لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەکرێت
ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان یاداشتێکیان ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، تەندروستی و سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد و تێیدا داوای وەستاندنی ڕوماڵی کوشتن و خۆکوشتن دەکرێت لە دەزگا ڕاگەیاندنییەکانەوە.
ناوەندی هەواڵ
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوایانکرد ڕاگەیاندنەکان بە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتن بکەن، یاداشتنامەی ڕێکخراوی خەڵک لەلایەن فرمێسک جاف دەرونناس و ئەندامی ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا: ئەرکی ڕاگەیاندن ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی تاکە لەو ڕووداوە کۆمەڵایەتیی و سیایسی و ئابووریانەی کە پەیوەندی دارن بە ناوچەکە، بەڵام هەندێک ڕاگەیاندن بێ ڕەچاوکردنی بنەما ئاکارییەکان لەژێر ناوی (هەواڵ و ڕاستگۆیی) هەندێک بابەت دەکەنە هەواڵی گەرم، کە جگە لە ڕووداوی کەسیی و خێزانیی، هیچ زانیارییەکی پێویست نادەن بە هاونشتیمانیان.
لە یاداشتەکەدا ئەوەش هاتووە: لە کاتێکدا حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بە ناوی نامووس ڕوو لە زیادبوونە، ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ لە کوردستان کاری لەسەر دەکەن و بەرامبەر بەو لێشاوی کوشتنانە، بەڵام کەلێنی گەورە هەیە لە ڕوماڵکردن و بەدواداچوونی ورد و بەردەوام لەم دۆسیانەدا بۆ دەرخستنی ڕاستی کوشتنەکان.
ڕێکخراوەکە چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، تەندروستی و سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد و تێیدا داوای وەستاندنی ڕوماڵی کوشتن و خۆکوشتن کرد:
١.داواکارین بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە ڕێگری بکرێت لە هەواڵی خۆکوژی و کوشتنە کەسییەکان.
٢.ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ بانگهێشتکردنی کەسانی پسپۆڕ لە بواری دەروون دروستی بۆ هەماهەنگی کاری پێکەوەیی.
٣.ڕێکخراوی خەڵک ئامادەیە بۆ کردنەوەی خولی سیمینار و ڕاهێنانی هۆشیارکردنەوە و وۆرک شۆپی تایبەت لەلایەن کەسانی پسپۆڕ بۆ شێوازی کارکردنی ئاکاری میدیای کە تایبەت بێت بە هۆشیاری سەبارەت بە دەروون دروستی و دۆسیەکانی کوشتن و خۆکوشتن.
ت.پ