داوای لێپرسینەوە لە تاوانباری کوشتنی ژنێک لە حەسەکە دەکرێت
کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە داوای لێپرسینەوەی لە بکوژی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٩ ساڵان کرد.

حەسەکە
کوشتنی ژنێک لە گەڕەکی "غویران" لە شاری حەسەکە لە ڕۆژی ١٢ی تەمووز، کاردانەوەی بەرفراوانی ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنانی لێکەوتەوە، زۆرێک لەلایەنەکان داوای لێکۆڵینەوەی گشتگیر و لێپرسینەوە لە تاوانباران دەکەن.
کۆنگرەی ستار لە حەسەکە، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بەشداری ڕێکخراوەکانی ژنانی وەک ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ چالاکوانان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، داوای لێپردینەوەی لە بکوژی ژنان کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە توندوتیژی دژی ژنان و ژنانی گەنج یەکێکە لە بەربڵاوترین و بەردەوامترین و تێکدەرترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئەم تاوانانە "مەترسیدارن و کاریگەریی کارەساتباریان لەسەر ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی هەیە"، ئەوەشی خستۆتەڕوو، عەقڵیەتی پاوانخوازی و پیاوسالاری بەردەوامە لە ئەنجامدانی قێزەونترین تاوان دژی ژنان و پراکتیزەکردنی جۆرەها توندوتیژی، ئەمەش وایکردووە ئەو تاوانانە ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر کۆمەڵگە بەگشتی و ژنان بەتایبەتی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: ئەو ژنە گەنجە لەدایکبوی ساڵی ٢٠٠٦، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە، ئەم تاوانە بەشێکە لە زنجیرەیەک تاوان کە پەیوەندییان بە مرۆڤایەتییەوە نییە و لەلایەن ئایین و کۆمەڵگە و یاساوە قبوڵ ناکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرجەم ئەندامەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان کراوە کە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بکەنەوە، توندترین سزا بەسەر تاوانباراندا بسەپێنن و بە پەرۆشەوە کار بۆ کۆتاییهێنان بە تاوانە بەردەوامەکانی دژ بە ژنان بکەن.