داوا دەکرێت ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دابەش نەکرێت

بەهۆی جەنگە بەردەوامەکانی ئێستای جیهان، داوا دەکرێت ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دابەش نەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

رۆژی پێنجشەممە، پەیمانگەی ئۆسلۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاشتی لیستی کۆتایی کاندیدانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڵاوکردەوە

 

 

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ و دامەزراوە دیموکراتییەکانی سەر بە رێکخراوی ئاسایش و هاوئاهەنگی ئەورووپا کە کار لە بواری هەڵبژاردن و دیموکراسیدا دەکەن، دادگەی نێودەوڵەتیی داد بەهۆی کارەکانیان لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وڵاتان، رێکخراوی ئونروا و فلیپ لازارینی، کۆمیسیاری رێکخراوەکە بەهۆی هاوکاریکردنی ئاوارەکانی فەڵەستین، رێکخراوی ئارتیکڵ ٣٦ و کەمپەینی ستۆپ کیلەر رۆبۆتس بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی چەکە خودکار و وێرانکەرەکان، ئاژانسی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئەورووپا بەهۆی کارەکانیان بۆ فێرکردن، بڵاوکردنەوەی یەکدی قبووڵکردن و فرەڕوانگەیی کاندیدن بۆ خەڵاتەکە.

 

 

دان سمس، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ستۆکهۆڵم بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی جەنگەکانەوە ئەم ساڵ کاتی ئەوەیە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی نەدرێت، وتی: کاتێک سەیری جیهانی سیاسیی ئێستا دەکەی و دەبینیت جەنگ لە غەززە، لوبنان، سوودان و ئۆکراینا هەیە کە دۆخێکیان دروستکردووە ٤٠ ساڵە هاوشێوەی نەبووە. دەبینیت کە ململانێی چەکداری لە زیاتر لە ٥٠ وڵات هەیە، بۆیە بیردەکەمەوە ئایا ئەمە ئەو کاتە نییە کە لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بڵێت، ئەم ساڵ خەڵاتەکە دابەش ناکەین؟ بەڵێ، ئەمە ئەو کاتەیە.

 

 

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣ درایە نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ کە لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراوە.