"داننان بە تاڵیبان پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ یاسای دەدات"
لە کاتێکدا کە ئەفغانستان هێشتا لە برینەکانی لەشکرکێشی و داگیرکاری چاک نەبووەتەوە، ڕاگەیاندنی ئامادەیی ڕووسیا بۆ دانپێدانانی تاڵیبان، پێشوازیکردنی چین لەم هەنگاوە، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی مافی مرۆڤە، ماف بە یەکێک لە ڕژێمە سەرکوتکەرەکان دەدات.

بەهاران لەهیب
فاریاب-لە ساڵی ١٩٧٨ەوە کە ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئەفغانستان، بووەتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان زلهێزە جیهانییەکان، ڕووسیا پاڵپشتی ڕژێمێکی ملکەچی کردووە و هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی داوە، بەمەش ملیۆنان ئەفغانی ئاوارە کردووە و سەدان هەزار کەسی کوشتووە، هاوکات وڵاتان و دامودەزگاکان کە بانگەشەی مرۆڤدۆستان دەکەن، شکستیان هێناوە لە بەرزڕاگرتنی بەهاکانی مافی مرۆڤ.
دوای هێرشەکانی ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١، ئەمریکا بە ئاڵای "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" چووە ناو ئەفغانستانەوە، بەڵام دەرئەنجامەکەی، دوای دوو دەیە، دەوڵەتێکی لاواز و ملکەچ و گەندەڵ بوو، بە کشانەوەی کتوپڕی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١، ئەفغانستان بە ئاسانی کەوتە خوارەوە و تاڵیبان بە بەرخۆدانێکی کەم دەسەڵاتی وەرگرتەوە.
لە هەمان کاتدا ڕووسیا کە دەستی هەبوو لە چەوساندنەوەی گەلی ئەفغانستان، دیسانەوە مێژوو و ڕاستیەکانی ئێستای پشتگوێ خستووە، هەنگاوێکی بەرەو پێدانی یاسای بە تاڵیبان ناوە- هەنگاوێک کە بە تەواوی پێچەوانەی بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤە.
شەڕی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داینامیکی ناوچەیی داناوە، لە کاتێکدا زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان سەرنجیان لەسەر ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، پرسی ئەفغانستان پەراوێزخراوە، تاڵیبان ئەم بۆشاییەی قۆستۆتەوە بۆ چڕکردنەوەی سەرکوتی خۆی بەبێ ترس لە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە.
پشتیوانی ئاشکرای ڕووسیا و ڕازیبوونی چین لەم چوارچێوەیەدا نەک هەر مەترسیدارە، بەڵکو پەیامێکی نائارامکەریش دەنێرێت کە مافی مرۆڤی گەلی ئەفغانستان لە پێ دەدرێ، لەو چوارچێوەیەشدا لەیلا فۆرۆ، چالاکوانی مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوەی ئەم دواییەی ڕووسیا لە ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ داننان بە دەسەڵاتی تاڵیبان، پێشوازیکردنی چین لەم بڕیارە، لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە جێگەی نیگەرانییە و بە توندی شەرمەزار دەکرێت، ئەم ڕێبازە لە کاتێکدایە کە تاڵیبان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی سەرکوتگەرانەی سیستماتیکی پەیڕەوکردووە، مافە بنەڕەتییەکانی گەلی ئەفغانستانی پێشێل کردووە، بەتایبەتی ژنان و کچان.
ڕوونیشیکردەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تاڵیبان خوێندنگەکانی بەڕووی کچاندا داخستووە، ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ زانکۆکان کردووە، هەروەها کارکردنیان لە بەشە حکومییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان قەدەغەکردووە، ژنان ڕووبەڕووی هەراسانکردن و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە لەسەر بنەمای جلوبەرگەکانیان، یان تەنانەت بە سادەیی دەرچوون لە ماڵەوە بەبێ یاوەری پیاو، چەندین ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە ڕووداوەکانی بەردبارانکردن، لەسێدارەدانی پوختە و فشاری دەروونی توند لەسەر ژنان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەم سەرکوتکردنە بەربڵاوە، ملیۆنان هاوڵاتی ئەفغانستان لە هەژاری و بێکاری و بێبەشییدا دەژین، بێبەشن لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانی ژیان، هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ بەشداری سیاسی، ئازادی ڕادەربڕین، یان دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری لەو وڵاتەدا نییە، لەم بارودۆخەدا هەر هەنگاوێک بەرەو داننان بە تاڵیبان یاسای بە ڕژێمێکی تۆتالیتاری دەدات کە بە شێوەیەکی گەورە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات، ئەمە نەک هەر پێچەوانەی پابەندبوونەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەرامبەر بە گەلی ئەفغانستان، بەڵکو پەیامێکی مەترسیداریش دەنێرێت بۆ گروپە توندڕەوەکانی دیکە لە سەرانسەری جیهان، کە پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ دەتوانێت ببێتە هۆی دانپێدانانی نێودەوڵەتی.
لە کۆتاییدا وتی: ئێمەی ژنان وەک قوربانیی ڕاستەوخۆی توندوتیژی و گۆشەگیری لەلایەن تاڵیبانەوە، بە توندی شەرمەزاری ئەم کارەی ڕووسیا دەکەین، داوا لە هەموو هێزە ئازادیخوازەکان و یەکسانیخوازەکان دەکەین لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم بڕیارە، داننان بەم دەسەڵاتە ژنکوژ و نەزانە تەنیا دەستەڵاتی خۆی بەسەر هاوڵاتیاندا بەهێزتر دەکات، بەتایبەتی ژنان و ئایینی و نەتەوەیی کەمینەکان.