داهێنەرێکی ئەفغانی لە زانایانی ئیلهامبەخشی جیهانە
شەکردخت جەعفەری، یەکەمین فیزیازان و داهێنەری ژنی ئەفغانستان، لەلایەن زانکۆی سوری لە بەریتانیا، وەک یەکێک لە زانایە "ئیلهامبەخش و دیارەکان"ی جیهان دەستنیشانکرا.

ناوەندی هەواڵ
شەکردخت جەعفەری، فیزیازان و داهێنەری ئەفغانی کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، لە ماڵپەری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، لەلایەن زانکۆی سوری لە بەریتانیا وەک زانایەکی "ئیلهامبەخش و نایاب" هەڵبژێردراوە.
شەکردخت جەعفەری زانای فیزیا دووپاتی کردۆتەوە کە ئەم ڕێگایە بۆی ئاسان نەبووە. بەڵام لە ڕێگەی کاری قورس و متمانە بەخۆبوونەوە گەیشتە ئەم پۆستە. نووسیویەتی "ڕۆژێک هەبوو تەنانەت متمانەم نەبوو کە بەردەوام بم لە خوێندنی ماستەر، لە زانکۆی سوری شانبەشانی خوێندکارانی بەریتانی، گومان و ترس لە شکست هەمیشە لەگەڵمدا بوو، بەڵام ئەمڕۆ وێنەکەم لەنێو زانایانی پێشەنگی جیهاندا نمایشکرا، لەنێو ئەو کەسانەی کە ئیلهامبەخشن بۆ نەوەکانی داهاتوو".
درێژەی قسەکانیدا بۆ گەنجان و ژنانی ئەفغانستان وتی: خۆتان بە کەم مەزانن. سەرنجتان لەسەر باشترکردنی زانست و لێهاتووییەکانتان بێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بە هەوڵدان و کۆڵنەدان و باوەڕبوون بە تواناکانتان، هیچ بەربەستێک ناتوانێت ڕێگریتان لێبکات لە گەیشتن بە لوتکەی زانست و زانیاری.
شەکردخت جەعفەری پێشتر خەڵاتی باشترین داهێنەری ساڵی ٢٠٢٤ی بەریتانیای بەدەستهێنابوو. لە ساڵی ٢٠١٩ شەکردخت جەعفەری دۆزیمەترێکی داهێنا بۆ تۆمارکردنی تیشکی چارەسەری شێرپەنجە لە بەریتانیا.
داهێنانەکەی کە لە کۆپەڵە شووشەییە سادەکان دروستکراوە، بڕی ئەو کەسانەی شێرپەنجەی تیشکی لە کاتی چارەسەری تیشکیدا بە وردییەکی بەرز و لە کاتی خۆیدا پێوانە کردووە.
شەکردخت جەعفەری هاوڵاتی پارێزگای دایکندییە، لە تەمەنی شەش ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ ئێران، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە زانکۆی تەورێز بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری تەکنەلۆژیای تیشکدا بەدەستهێناوە، پێش ئەوەی کۆچ بکات بۆ بەریتانیا.