داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان بەردەوامە

چڕ کردنەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ خاکی باشوری کوردستان هاوڵی جێبەجێکردنی ئەو پەیامەیە کە دەوڵەتی تورکیا دەڵێت "خێمەیەکی کورد لە هەرشوێنێک هەبێت هێرشی دەکەینە سەر"

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان بەردەوامە و ساڵانە بە ناوی ئۆپەراسیۆنی جیاوازەوە هێرشەکانی چڕ دەکاتەوە، لە دوای شکستی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێرشەکانی بۆ ناوچەی هەفتانین دەست پێکرد بە تایبەت لە پایزی ساڵی ٢٠٢٠ ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆی دەست پێکرد و ئەویش بە شکستی دەوڵەتی تورکی کۆتایی پێهات، چاودێران و سیاسەتمەداران ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە لایەن پارتێکی سیاسیەوە هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکرێت و ڕێگەی بۆ خۆش دەکرێت بۆ داگیرکارییەکانی. هەروەها ئاماژەشیان بەوە کردووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە یەکێکە لە پاڵپشتیە گەورەکانی دەوڵەتی تورک تا هێرش بکاتە سەر باشور و هاوڵاتی سیڤیل بە هۆی بۆردومانەکانەوە گیان لەدەست بدەن.

 

تەنها لە ٢٠٢٠دا دەوڵەتی تورکیا ١٤٢٠ هێرشی کردووە

لە ساڵی ٢٠٢٠ دەوڵەتی تورکیا  ١٣٠٠ هێرشی ئاسمانی، ١٢٠ هێرشی زەمینی و حەوت کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە کە ٢٧ هاوڵاتی  گیانیان لەدەستداوە، ١٥ کەسیش بریندار بوون، لە هێرشەکانیشدا هاوڵاتی مەدەنی کراوەتە ئامانج و زۆر لە گوندەکان بە هۆی بۆردوومانەکانەوە چۆڵکراون، گوندنشینان لە کاتی چوونیان بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان یاخود لە بردنی ئاژەڵەکانیان بۆ لەوەڕ بەر بۆردومانی فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا کەوتوون، تازەترین هێرشی دەوڵەتی تورکیاش بۆردومانی گوندی شێنێ بوو لە قەزای پشدەری سەر بە قەلادزێ.

 

ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ لە هەفتانین شکستی هێنا

دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا بنکە و بارەگا سەربازییەکانی لە باشوری کوردستاندا دادەمەزرێنێت، هەر لەوێشەوە هێرشە سەربازییەکانی بۆ ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان بەڕێوە دەبات.

فراوانترین هێرشی داگیرکاری لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ سەر باشوری کوردستان، لە ١٦ی حوزەیران لە ژێر ناوی چنگی هەڵۆ، بۆ سەر ناوچەی هەفتانین دەستپێکرد، دەوڵەتی تورک ڕۆژانە جگە لە پەلامار و هێرشە زەمینییەکانیان ماوەی نزیکەی سێ مانگ بە بەردەوامی  دوو فڕۆکەی شەڕکەریان بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانە و بۆردوومانیان دەکرد، ئەمە جگە لە چەندین کۆمەڵ کوژی و وێرانکردنی گوند کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئەنجامیان دەدا، وەک هێرشکردنە سەر سەنگال لە١٥ی کانوونی دووەم، هێرشکردنە سەر کامپی مەخمور لە ١٥ی نیسان، کۆمەڵکوژی سلێمانی لە ٢٦ی ئایاری هەمان ساڵ بۆ سەر گوندی سەفرە لە شارۆچکەی ماوەت.

هەر دوای مانگێک لە بۆردومانکردنی گوندی سەفرە، بۆردومانی سەیرانگای کونەماسیان کرد لە ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی، هەر لە ٢٠٢٠یشدا دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر شیلادزێ و ئامێدی.

 

ساڵی ٢٠٢١ هێرش بۆ چیای گارە دەکرێت

لە ساڵی ٢٠٢١دا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە بەردەوامیدان بۆ سەر باشوری کوردستان و داگیرکردنی، لە شەوی ٩/١٠ی شوباتدا فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکی هێرشی کردە سەر چیای گارە لە پارێزگای دهۆک، بە پێی تویتێکی محەمەد ئاغاری فەرمانداری سەربازی سوپای تورکیا هێرشەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە کردووە و هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ئاماژەیان بەوەداوە ئەمجارە هێرشەکانی سوپای تورکیا لە بارەگاکانی باشووری کوردستان و لە ئاکرێ‌وە ئەنجام دەدرێت.

ماوەی دوو ڕۆژە سوپای تورکیا هێرشی بۆ گارە دەست پێکردووە و هەتا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هیچ لێدوانێکیان دەربارەی ئەو هێرشانە نەداوە و چاوپۆشیان لێکردوون.

 

ئەوەی ئێستا لە چیای گارەدا ڕوو دەدات داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستانە لە بێدەنگی هێزە کوردییەکاندا، تاکە هێز کە ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییە دەبێتەوە هێزەکانی پاراستنی گەل و گەریلایە.

 

ت.پ