دابەشکردنی ئێسکی ئاژەڵ بەسەر هەژاراندا لە میسر کاردانەوەی لێکەوتەوە

لە میسڕ خێرخوازێک ئێسکی ئاژەڵی بەسەر هەژاراندا دابەش کردووە، ئەمەش تەواوی خەڵکی میسری توڕە کردووە.

ناوەندی هەواڵ

لە گوندی ئابێسی ئەسکەندەریەی ولاتی میسر، بەهۆی ئەوەی کەسێکی خێرخواز کە قەساب بوو ئێسکی ئاژەڵی بەسەر خێزانە هەژارەکاندا دابەش کرد، توڕەیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

 

کۆمەڵەی "سەفا و مەڕوا"، لە پەیجی فەیسبووکی خۆیدا وێنەی ئەو کاتەی بڵاوکردەوە کە ئێسک بەسەر هەژاراندا دابەشدەکرێت لەلایەن خێرخوازێکەوە، ئەوەی زیاتر بووەتە جێگای ڕەخنە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو ژنانە بوو کە ڕیزیان بەستبوو بۆ وەرگرتنی ئێسکەکان، ئەمەش هەرای لە سەرانسەری میسردا دروستکرد.

 

دەربارەی ڕاستی بابەتەکە یەکێک لە ئەندامانی کۆمەڵەکە ڕوونیکردەوە، دوای ئەوەی کەسێکی خێرخواز سەردانیکردوون بۆ دابەشکردنی خێرێک ئەمان بە دڵخۆشییەوە قبوڵیان کردووە بەڵام بێ ئاگابوون لەوەی خێرەکە چییە بۆیە کاتێک کاردانەوەی هاوڵاتیانیان بینیووە ڕاستەخۆ وێنەکانیان سڕیوەتەوە، بەڵام سەرەڕای سڕینەوەی وێنەکان، سایت و دەزگا میدیاییەکان بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکە، ڕەخنەیان لە خاوەن خێر و ستافی کۆمەڵەکەش دەگرت کە سوکایەتیان بە هەژاران کردووە.