"شکاندنی هۆشیاری پیاوان بە تێکۆشانێکی بەردەوام دەکرێت"

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان، عەدالەت عومەر، سەرۆکی دەستەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەکرد، خەباتێکی بەردەوام و بڕیاردەر پێویستە بۆ شکاندنی هۆشیاری پیاوان کە هەزاران ساڵە بەردەوامە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- کوشتنی ژنان کێشەیەکی جیهانییە و دۆزی هەموو ژنانە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، نزیکەی ٧٣٦ ملیۆن ژن لە سەرتاسەری جیهاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی بوونەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نزیکەی ٦ ژن بە شێوەی جیاواز کوژراون.

 

عەدالەت عومەر، سەرۆکی دەستەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تیشکی خستە سەر تێکۆشانی ژنان لە دژی هۆشیاری پیاوسالاریی و وتی: ژنان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بە شێوەیەکی سروشتی خۆیان ڕادەستی سیستمی پیاوسالاریی دەکەن و شوێن هەندێک ڕاستی شاراوە ناکەون، ئەگەر ژنان لە ناسنامەی خۆیان و ڕاستی سیستمەکە و هۆشیاری پیاوسالاری بە باشی تێنەگەن و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئازاردانی ژنان نەکەن، ئەوا ناتوانن لەو شوێنەوە تێکۆشان بکەن کە هەن، ژنان پێویستیان بە تێگەیشتن هەیە.

 

تێکۆشانی ژنان لە بەرامبەر هۆشیاری پیاو

عەدالەت عومەر ئاماژەی بەوەکرد، پیاوان بە خێرایی یاساکانی ژنان و خێزان قبوڵ ناکەن و وتی: ئەو شۆڕشەی ئەمڕۆ ژنان پێشەنگایەتی دەکەن شۆڕشێکی ئاسان نییە، هەرچەندە ئێستا پیاوان چەند بێدەنگن، ژنان وەک بوون و پێشەنگی کۆمەڵگە قبوڵ ناکەن، تا ئێستا زۆرێک لە پیاوان شەڕی ئەم شۆڕشە دەکەن، چونکە ژنان پێشەنگی ئەو شۆڕشەن، بۆیە ئەمڕۆ ژنانی شارەزا و تێگەیشتوو بە سیستمی دەسەڵاتداری و هۆشیاری پیاوسالاری دەکرێنە ئامانج، کاتێک ژنێک ڕادەپەڕێت و هەوڵدەدات زنجیرەکانی کۆیلایەتی بشکێنێت، ڕووبەڕووی هێرشی پیاوێک دەبێتەوە، پیاوان هێشتا ژنان وەک بوونەوەر نابینن، ڕێگەیان پێ نادەن خۆیان بناسن و دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەدەنگ بێن.

 

"کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە ژنێکی ئازاد دروست دەبێت"

عەدالەت عومەر تیشکی خستە سەر شۆڕشی ژنان بە پێشەنگایەتی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتی: ئەم شۆڕشە شۆڕشی ژنانە، پێویستە هەموو ژنان بگەنە ئەو ئاستەی ببنە ژنی ئازاد، تەنها بەم شێوەیە دەتوانین سیستمێکی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی ئازاد بونیاد بنێین، لەبەر ئەوە، ئەمە بارگرانییەکی زۆر گەورەیە لەسەر ژنان و بەو بەرپرسیارێتییە، دەبێت کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بونیاد بنێین، بونیادنانی خێزانێکی دیموکراتیک و ژیانێکی هاوبەش پێویستی بە تێکۆشانێکی درێژخایەن هەیە.

 

"ئاین دژی ڕاپەرینی ژنان بەکاردێت"

عەدالەت عومەر لەسەر کوشتنی ژنان، بەزۆری لە ناوچە ئازادکراوەکان، و وتی: ناوچەکانی وەک تەبقا، ڕەققە، دێرەزۆر، مەنبج، شەداد و عەین عیسا مێژووی ئازادکردنی ئەو شارانە نوێیە، ئێمە ناتوانین لەگەڵ ناوچە کوردییەکاندا بەراوردی بکەین کە لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە بوونەتە ڕووناکی شۆڕش، تا ئێستا نەمانتوانیوە بگەینە هەموو ژنانی عەرەبی لەو ناوچانەدا، لەو ناوچانەدا ژنان لە ئاستی دووەمدان و چەندین هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو ژنانە دوورن لە ڕاستی خۆیان، ناتوانن دیواری ترس و ستەم لەناو ببەن و بڵێن "من کەمتر نیم" بەڵام ژنانی ئەو ناوچەیە باوەڕیان بەو تۆمار و ڕێوشوێنانە هەیە کە پیاوان پێیان داون لەژێر ناوی ئاییندا، وەک ئەوەی خوای گەوره ئەم کارەی کردبێت، ئەوان خزمەتی ئایینی ئیسلام دەکەن لە بەرژەوەندی خۆیان دژی ڕاپەرینی ژنان.

 

"پێویستی بە تێکۆشانێکی بەردەوام هەیە"

عەدالەت عومەر جێبەجێکردنی یاساکانی ژنان و خێزانی لەو ناوچانەدا بەبیرهێنایەوە و وتی: پیاوان و هۆشیاری پیاوسالاری لە ناوچە ئازادکراوەکاندا ئایین وەک سیاسەتی قبوڵنەکردنی یاساکانی ژنان و خێزان بەکاردەهێنن، بۆیە بۆ دروستکردنی زەمینەیەک کاتێکی زۆری دەوێت تا بتوانین یاساکان لەو ناوچانەدا جێبەجێ بکەین، ئەو ناوچانەی چەند ساڵێکە لەدەستی داعش ئازادکراون، بۆیە پێویستە خەباتێکی گەورە بکرێت، هەروەها ڕێکخستن و گەیشتن بە هەموو ژنان بەشێکە لەو تێکۆشانە.

 

"نابێت ژنان بوەستن"

عەدالەت عومەر ڕایگەیاند کە پلانێکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان داڕێژراوە و وتی: نابێت هەرگیز قەرەبووی بکوژەکان بکەینەوە، بەڵکو دەبێت ڕۆژانە ٢٤ کاتژمێر لەسەر شەقامەکان بین نەک تەنها بە لێدوان و ڕێپێوان، دەبێت ژنان ڕانەوەستن هەتا بکوژەکە سزا دەدرێت، بۆ ئەوەی هیچ کەسێکی دیکە ئازایەتی ئەوەی نەبێت ژنێکی دیکە لە وڵاتەکەماندا بکوژێت، بۆ وەڵامدانەوەی کوشتنی ژنان، کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان ئەنجامدرا و پلانێک ئامادەکرا، ئێمە دەتوانین ڕێگری لێ بکەین، بەڵام تێکۆشانێکی درێژخایەن پێویستە ئەو هۆشیارییە بگۆڕین کە هەزاران ساڵە بونیاد نراوە.

 

شێوازی ژیانی ئازاد فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"ە

عەدالەت عومەر ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ژنان سووربن لەسەر خەباتی خۆیان و وتی: نابێت ژنان بوونی بکوژ لە نێوان خۆیاندا قبوڵ بکەن، بێدەنگی بەردەوامبوونی کوشتنی ژنانە، دەبێت ژنان کارێک بکەن کە پیاوان نەوێرن توندوتیژی ئەنجام بدەن، ئەگەر ئێمە ئایدۆلۆژیای ئازادی ژنان نەناسین، هاوکاری خۆمان پێک نەهێنین، ناتوانین وەڵام بدەینەوە، سیستمەکە خۆی ڕێکخستووە چونکە بەهێزە، ژمارەی ژنانیشمان زیاترە، هەتا بتوانین خۆمان ڕێکبخەین و یەکگرتوویی خۆمان بونیاد بنێین، دەتوانین وەڵام بدەینەوە و پڕۆژەی دیموکراتیک بونیاد بنێین بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و لەگەڵ ژنێکی ئازاد، ژیانێکی ئازاد بونیاد دەنرێت.