لە هەولێر ژنێکی گەنج کوژرا و یەکێکی دیکە لە سلێمانی بە گوماناوی خۆی کوشت

لە بەردەوامی عەقڵیەتی ژنکوژ، ژنێکی گەنجی لە هەولێر کوژرا و لە سلێمانیش ژنێکی گەنجی دیکە بە گوماناوی خۆی کوشت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە گەڕەکی موفتی شاری هەولێر، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٥ ساڵان لەلایەن باوکیەوە کوژراوە، موقەدەمی مافپەروەر هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە ڕووداوەکە لە گەڕەکی موفتی بووە، تۆمەتبار دوای ڕووداوەکە هەڵاتووە و هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی، پێشتریش ئەو کەسە دەستگیرکراوە و بە کەفالەت ئازادکراوە.

 

هەربەپێی زانیارییەکان باوکی ئەو کچە چەندین جار ئازاری هاوژینەکەی و منداڵەکانی داوە و بەو هۆیەوە سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ ٥ی کانونی دووەم، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ دانیشتووی گەڕەکی کانی سپیکەی شاری سلێمانی بە گوماناوی خۆی کوشت و بەپێی وتەی کەسوکارەکەی، بەهۆی هەژارییەوە خۆی کووشتووە و ماوەی دوو مانگە کرێی پاسی خوێندنگەکەی نەدراوە.

 

عەقڵیەتی پیاوسالار و ژنکوژ بەردەوامی هەیەو ئەو ژنانەی دەکوژرێن زۆرینەی کات لەلایەن خزم و کەس و کەسانی نزیکی بنەماڵەکەیانەوە ژیانیان لێ دەسەندرێتەوە و بە کێشەی کۆمەڵایەتی و نەخۆشی دەروونی و گوماناوی بێدەنگی لە کەیسەکانیان دەکرێت.