چەمچەماڵ، هەنگاوی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی وەک پێویست نییە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دیبەیتێک بە ناونیشانی "ژن ژیانە" بەڕێوەچوو، هۆكارەكانی زیادبوونی توندوتیژییەكان بۆ ئینتەرنێت و ئامێرەكانی پەیوەندیكردن گەڕێندرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، دیبەیتی "ژن ژیانە" ڕێکخرا، لە دیبەیتەکەدا عالیە فەرەج، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆمەڵناسی لە زانکۆی سلێمانی وتی: پێویستە لەڕێگەی پەیوەندی خێزانییەکانەوە ڕێگربین لە توندوتیژیەکان، چ توندتیژیی زارەکی بێت یان جەستەیی، دەبێت دژی جیاکاریی بین لەڕێگەی هۆشیاری خێزانی و کۆمەڵایەتی، مرۆڤ لەهەردوو ڕەگەز لەڕووی کەرامەت و شکۆمەندیەوە یەکسانن.

 

بەڕێوبەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە چەمچەماڵ، موقەدەم هێمن عەلی، ئاماری بەڕێوەبەرایەتی سنورەکەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا ٢٠٣ سکاڵا تۆمارکراوە، پەڕاو بۆ ١٨٠ تۆمەتبار کراوەتەوە و ١٧٣ تۆمەتباریش دەستگیرکراوە، ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، ٨٠ کێشەی دیکەش لەڕێگەی لیژنەی ئاشتەوایی و مانەوە گەڕاونەتەوە ژیانی ئاسایی خۆیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە گرنگیی نەدان بەژنان و پشتگوێخستنی مافەکانیان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لە پێشنەکەوتنی ئۆرگانەکانی کۆمەڵگا، هەربۆیە لەسەر ئاستی وڵاتان ساڵانە بودجەی تایبەت بەژنان تەرخان دەکرێت، بەڵام هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لە ئاستی پێوسیتدا نیە.

 

ت.پ