ئەنجومەنی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان: ئەو کەسانە دادگایی دەکەین کە هێرش دەکەنە سەر گۆڕستانەکان
ئەنجومەنی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنی جزیرە ڕایگەیاند کە بەدواداچوون و دادگایی ئەو کەسانە دەکەن کە تاوانی گۆڕستانەکان تێکدەدەن و تەرمەکان پارچە پارچە دەکەن و ئەشکەنجەی دیلەکان دەدەن.
قامیشلۆ
ئەنجومەنی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنی جزیرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هێرش و کردەوەی نامرۆڤانەی سەر گۆڕستانی شەهیدان لەو ناوچانەی کە شەڕڤانان لێی کشاونەتەوەو بێڕێزی بەرامبەر بە تەرمی شەڕڤانان لەلایەن گروپە چەتە جیهادییەکانی هەتەشەوە شەرمەزار کرد.
ڕاگەیاندراوەکە بە دروشمی "شەهیدانمان کەرامەتمانن، شەڕڤانان هێز و پاراستنمانن” خوێندرایەوە و بە ئامادەبوونی دەیان دایک و ژن و منداڵی شەهیدان و ئەندامانی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شارەکەدا بەشداربوون.
"ئەم هێرشانە لە ژێر بێدەنگی نێودەوڵەتیدا ڕوودەدەن کە بە واتای هاوبەشی دێت"
فاتمە مامۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان کە راگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ڕایگەیاند کە لە دڵی “جزیرە” کە بە بەرخۆدان خەبات دەکات، بە داخێکی زۆرەوە بەدوای ئەو پێشهاتە خێرا و هێرشە سیستماتیکییەدا دەگەڕێن کە دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەیان لە ڕۆژئاوا دەکاتە ئامانج. ئەو هێرشانە لەژێر بێدەنگی نێودەوڵەتیدا ڕوودەدەن کە مانای هاوبەشی دەگەیەنێت، ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت تەنها شەڕێکی سەربازی نییە، بەڵکو لەناوبردنی ئیرادەی ژنان و شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگەیەک کە لە سایەی قوربانیدانی کوڕ و کچەکانمان هەناسەی ئازادیی هەڵمژیوە، دڵمان دەسوتێت کاتێک دەبینین تەرمی شەهیدەکانمان پارچە پارچە دەکرێن.
"کردەوەی بێ ڕەوشتی و تاوانێکی جەنگ کە ڕووخساری مرۆڤایەتی ڕەش دەکات"
فاتمە مامۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ناوچانەی کە شەڕڤانان لێی کشاونەتەوە، بێڕێزی بە گۆڕستانی شەهیدان دەکرێت و وتی: ئەمانە شەهیدن کە گیانیان لە پێناو مرۆڤایەتیدا بەخت کردوە بەرامبەر بە دڕندەترین چەتە. هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان، لەناوبردنی گۆڕەکان، کارێکی بێ رەوشتی و تاوانێکی جەنگە کە ڕوخساری مرۆڤایەتی ڕەش دەکات، ئەم گۆڕستانانە کەرامەتی گەلەکەمان و یادەوەری خەباتمانن، هێرشکردنە سەریان بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی هەموو دایک و ژن و منداڵێکی ئەم وڵاتەیە.
"ئەوان هەوڵدەدەن سیاسەتی تۆقاندن و تاڵانکردن جێبەجێ بکەن"
فاتمە مامۆ وتیشی: لەهەمانکاتدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنان و پاراستنی گیانی شەهیدان و پاراستنی کەرامەتی شەهیدانمان، پێویستە تەرمی شەڕڤانەکانمان کە جارێکی دیکە بوونە قەڵغان بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە بەرامبەر دڕندەیی و چەوساندنەوەی گروپە تیرۆریستییەکان ڕادەستی ئێمە بکرێت، ئێمە وەک ئەنجومەنی ژنان، بە ڕوونی ئەو ڕێبازە تۆڵەسەندنەوە و پراکتیزە شۆڤێنییانە دەبینین کە لەلایەن "حکومەتی کاتی" و گروپەکانییەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوانەی قبوڵیان کردووە ببنە کەرەستە لە دەستی کەسانی تردا نوێنەرایەتی داواکاری گەلی سووریا ناکەن. بەپێچەوانەوە هەوڵی جێبەجێکردنی سیاسەتی تۆقاندن و تاڵانکردن دەدەن، بەتایبەتی دژی ئەو ژنانەی کە پێشەنگ بوون لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا.
داواکاری بۆ لایەنە گەرەنتیکارەکان
فاتمە مامۆ ڕایگەیاند، لەسەر ئەو بنەمایە، وەک دایک و منداڵ و هاوژینی شەهیدان لە ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ئەم داواکارییانە دەکەین: با لایەنە گەرەنتیکارەکان ڕێککەوتنی ئاگربەست کاربکەن بۆ ڕادەستکردنی تەرمی کوڕ و کچە شەهیدەکانمان کە هێشتا لەسەر زەوین، ئەمەش پێشێلکردنی کەرامەتی شەهیدانە و دژی ڕەوشتی شەڕە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم پێشێلکارییانە ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن، بەپێچەوانەوە ئیرادەی ئێمە بۆ پاراستنی پڕۆژە و دەستکەوتەکانمان بەهێزتر دەکەن، ئێمە بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێین کە تاوانی تێکدانی گۆڕستانەکان و پارچەپارچەکردنی تەرم و ئەشکەنجەدانی دیلەکان ئەنجام دەدەن.
راگەیەندراوەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" کۆتایی هات.