چالاکوانێک: کەناڵەکانی راگەیاندن ژن وەک کاڵایەکی سێکسی بەکاردەهێنن

لە سیمینارێکدا لە شارۆچکەی ڕانیە، شادی سەمەد ئاماری چوار مانگی توندوتیژییەکانی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشدا کە ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵیان هەیە لەو بوارەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی دوێنی، لە کتێبخانەی ئارام لە شارۆچکەی ڕانیە لە هەرێمی ڕاپەڕین ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، سیمینارێکیان بۆ شادی سەمەد، چالاکوانی مافی ژنان سەبارەت بە توندوتیژی سەر ژنان ڕێکخست.

سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، شادی سەمەد، چالاکوان، باسی لە توندوتیژییە جەستەیی، دەروونی و سێکسییەکان کردەوە بۆ سەر ژنان، باسی لەوەشکرد کە توندوتیژی بۆسەر ژنان هۆکارەکەی کۆمەڵگەیەکی ناتەندروست و داڕوخاوە،

 

ئەو چالاکوانە ئاماری چوار مانگی توندوتیژییەکانی بە نمونە هێنایەوە "نزیکەی ٤ ھەزار حاڵەتی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێم ئەنجامدراوە، لەوانەش چوار کوشتن، ٣٧ دەستدرێژی سێکسی، ٣٨ خۆسووتاندن و ٢٦ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە".

 

شادی ڕەخنە لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەگرێت کە  ژن وەک کاڵایەکی سێکسی بەکاردەهێنن و لە شاشەکانەوە نمایشی دەکەن، لە ڕێگەی دراما تورکییەکانیشەوە کاریگەری خراپ لەسەر کۆمەڵگە جێدەهێڵن.