دادگای ئێران سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر فەریبە ئەسەدی چالاکوانی مافی مرۆڤدا سەپاند

دادگای ئینقلابی شاری کەرەج دوای ئەوەی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی"، "هەڵسوکەوت دژی ئاسایشی نەتەوەیی" و "بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان"، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر فەریبە ئەسەدی، چالاکوانی مافی مەدەنیدا سەپاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتی دادگای ئێران لە درێژەی سیاسەتی گۆشەگیری لە چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ، دەرکردنی سزای توندی زیندانی و سزای زیادە لە نێوان پەرەسەندنی ڕەخنەکانی مافی مرۆڤ لە نەبوونی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بەردەوامە.

 

لقی دووی دادگای ئینقلاب لە شاری کەرەج، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی"، "هەڵسوکەوت دژی ئاسایشی نەتەوەیی" و "بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان"، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر فەریبە ئەسەدی، چالاکوانی مەدەنیدا سەپاند، هەروەها بڕیارەکە قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، ئەندامبوون لە هەر گردبوونەوە و کۆمەڵەیەکی کۆمەڵایەتی، وەرگرتنی پۆست و فەرمانبەریی حکومی و گشتیی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەخۆگرتبوو.

 

فەریبە ئەسەدی دانیشتووی شاری کەرەج لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ زیندانی کاتشوت شاری کەرەج گوازرایەوە، دوای نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەرکردن بە کەفالەتی سێ ملیار تمەن ئازادکرا.

 

سەرەڕای سزای ٦ ساڵ زیندانیکردنی فەریبە ئەسەدی، بەڵام زانیارییە بەردەستەکان سەبارەت بە دۆسیەکە وردەکارییەکانی ئەو داوایە یان ئارگیومێنتە یاساییەکانی ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم بڕیارە دەرنەچووە، پێویستە بوترێ کە فەریبە ئەسەدی پێشتر بەهۆی چالاکی مافی مرۆڤەوە کەوتبووە بەر دەستبەسەر و لێپێچینەوە.