بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئەفغانستان: پێنج ساڵ لە سەرکوتکاری و دەنگی ژنان بێدەنگ نەکرا
هاوکات لەگەڵ پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، کە سەرەڕای پێنج ساڵ لە سەرکوتکاری و بێبەشکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی ژنان، دەنگی ژنان بێدەنگ نەکراوە و تێکۆشان بۆ ئازادی و دادپەروەری بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
لە کاتی گەڕانەوەیەوە بۆ دەسەڵات، تاڵیبان سنووردارکردنی فراوانی بەسەر ژناندا لە ئەفغانستان سەپاندووە، کە پەروەردە، کار، هاتوچۆ و بەشداریی کۆمەڵایەتی لەخۆ گرتووە، ئەمەش بووە هۆی پاشەکشەیەکی توند لە مافە بنەڕەتییەکانیان، ٥ی ئاب، لە نزیکبوونەوەی پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئەفغانستان ڕایگەیاند که سەرەڕای هەوڵەکانی بزووتنەوەکە بۆ پەراوێزخستنی ژنان لە مەیدانە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەنگی ژنانی ئەفغانستان بێدەنگ نەکراوە و تێکۆشان بۆ ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی بەردەوامە.
بزووتنەوەکە ٥ی ئابی بەو ڕۆژە پێناسە کرد، کە تاڵیبان هەوڵی دا ژنانی ئەفغانستان لە کۆمەڵگەدا پەراوێز بخات، بەڵام "شکستی هێنا لە بێدەنگکردنی دەنگەکانیان"، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ملیۆنان ژن و منداڵانی کچ لە ئەفغانستان لە مافەکانی پەروەردە، کار، ئازادی و بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بێبەش کراون.
جەختیشی لەوە کردەوە، بەرەنگاری ئەوە دەبێتەوە کە ناوی ناوە "جیاکاری ڕەگەزی نێوان ژن و پیاو و هەڵاواردن و پەراوێزخستنی سیستماتیکی ژنان"، بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی، هەروەها بەردەوامین لەم ڕێبازە "ئێمە بێدەنگ نابین چونکە دەنگی ژنی ئەفغانی دەنگی ئازادییە".
تاڵیبان دوای کەوتنی کابول لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەوە دەست، لەو کاتەوە سنووردارکردنی بەرفراوانی بەسەر ماف و ئازادییەکانی ژنان و منداڵانی کچدا سەپاندووە، لەوانە قەدەغەکردنی خوێندن بۆ منداڵانی کچ لە پۆلی شەشەم بە دواوە، داخستنی زانکۆکان بەڕووی ژناندا، سنووردارکردنی هەلی کار و داخستنی زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سنووردارکردنی ئامادەبوونی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا.
ئەم سیاسەتانە ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی بەرفراوان بوونەوە لەلایەن ژنانی ناڕازی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە نموونەی "جیاکاریی ڕەگەزی"یان پێناسە کرد.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تالیبان، ژمارەیەک لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ژنان لە ناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان ڕاگەیاندراویان دەرکرد و رێپێوانیان ڕێکخست، جەختیان لە بەردەوامبوونی تێکۆشان بۆ ئازادی، دادپەروەری و مافەکانی ژنان کردەوە.