”بەئامانجکردنی سیمبولیەکانی ژنان هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتی مەدەنی و ڕێگریکردن لە ئەنتیگراسیۆن ”
ژنانی کۆبانێ ئەو هێرش و پەلامارە پلانداڕێژراوانەیان شەرمەزار کرد کە سیمبولی نەتەوەیی و فەرهەنگییەکانی گەلی کورد و گۆڕستان و وێنەی شەهیدانی لە پارێزگاکانی حەسەکە و حەلەب کردووەتە ئامانج، دەڵێن: ئەم پێشێلکارییانە هەوڵێکن بۆ تێکدانی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک.
نورشان عەبدی
کۆبانێ-لە ٩ی شرینی یەکەم حەسەکە شایەتحاڵی هێرشەکان بوو کە دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان و وێنەی شەهیدان و سیمبولی کوردی نوێنەرایەتی خەباتی ژنانیان کردە ئامانج، ئەم هێرشانە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژیی ئەمنی و ناسەقامگیری ناوچەکە و هاندانی ململانێی خێڵەکی لە نێوان پێکهاتەکانی سووریادا.
ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییە لە پارێزگای حەسەکە توڕەیییەکی بەرفراوانی گشتی لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی لە کۆبانێ لێکەوتەوە، لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسەکەمان بۆچوون و هەڵوێستی ژنانی کۆبانێێ سەبارەت بەم هێرشانە کۆکردەوە.
"رێگە نادەین ململانێ پرۆسەی دەستەبەرکردنی مافەکانمان لە ڕێڕەو دەربهێنێت"

باکیرا شنگالی، خەڵکی شاری کۆبانێ، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی حەسەکەی شەرمەزارکرد و قۆناغی ئێستای بە "هەستیار" پێناسە کرد، بەتایبەت بۆ کوردانی سووریاوتی: ناوچەکە شایەتحاڵی پرۆسەیەکی پێشکەوتووی ئەنتیگراسیۆنە لە نێوان ناوچەکانی ڕۆژئاوا و هێزەکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی تەواوکردنی ئەم پرۆسەیەوە ئامانجمان چەسپاندنی مافەکانمانە بەشێوەیەکی یاسایی لەهەموو لایەنە کولتووری و زمانەوانی و سیاسییەکاندا، هەروەها پێگەی هێزەکان و خەڵک لە ناوچەکانیاندا پتەو و ڕوونە لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک لە سووریادا.
ڕوونیشیکردەوە، کە لایەن هەیە هەوڵدەدەن ئەم پرۆسەیە پووچەڵ بکەنەوە، وتی: ئێمە شاهیدی هەوڵ و هێرشی بەردەوامین بۆ تێکدانی ئەم قۆناغە بە هاندانی ناتەبایی لەنێوان گروپە جیاوازەکان و بەئامانجکردنی گەلی کورد بەتایبەتی، ئەو هێرشکردنە سەر وێنە و گۆڕی شەهیدان و سیمبولەکانی شۆڕشی ژنانی بە بەڵگەی ڕوونی ئەو هەوڵە وێرانکەرانە زانی.
دووپاتی کردەوە، کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێگە نادەن بنەماکانیان پێشێل بکرێن یان ناوچەکەیان بخرێنە ناو ململانێ، وتی: هێرشکردنە سەر سیمبولەکانی تەڤگەری ژنان و وێنەی ئەو شەڕڤانە ژنانەی کە گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو ئازادیی ژندا، کردەوەیەکی قبوڵنەکراون کە پێچەوانەی بەها و بنەماکانی مرۆڤن.
باکیرا شنگالی لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجی سەرەکی ڕووداوەکانی حەسەکە سڕینەوەی ناسنامەی ژنان و نەهێشتنی ئەو دەستکەوتانەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە دوای شۆڕشی ١٩ی تەمموزەوە بەدەستیان هێناوە، وتی: هیچ هێرشێک بۆ سەر دەستکەوتەکانمان قبوڵ ناکەین، هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ پاراستنی ناسنامەکەمان دەیکەین، هەرچەندێژیی تێبچێت"، داوای لە حکومەت کرد لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە تێکدەدەن و هێرش دەکەنە سەر سیمبول و وێنەی شەهیدان بۆ دەستەبەرکردنی پێشکەوتنی بێ کێشە و سەرکەوتنی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک.
ڕێگریکردن لە ڕێگای دیموکراتیک و ئەنتیگراسیۆن

لەیلا ئەحمەد، خەڵکی شاری کۆبانێ، ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند، لە هەر هێرشێک کە ناسنامەی ژنان و شۆڕش و دامەزراوەکانیان و بەهاکانی شەهیدان بکاتە ئامانج، هێرشبەرەکانی بە "تێکدەرانی خاڵی لە بنەما مرۆییەکان" پێناسە کرد، هەر پاشەکشەیەک لەم هەڵوێستە پەیوەستە بە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە تێکدانەکەدا.
جەختی لە درێژەی خەبات و خۆڕاگری بە پاڵپشتی ئیرادەی ژنانی کورد، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان کردەوە، وتی: ئەم کردەوە فیتنە و بەئامانجکردنی سیمبولە نەتەوەیی و کولتوورییەکان ئامانجیان بەربەست خستنەسەر ڕێگای ئەنتیگراسیۆن و ڕێگرتنە لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنی ئەم قۆناغە پێویستی بە دانپێدانانی یاسایی بە مافە ڕۆشنبیری و سیاسییەکانی کورد وەک هاوڵاتی هەیە، هاوکات لەگەڵ پاراستنی مافەکانی ژنان و داننان بە بەرخۆدانەکانیان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، لەیلا ئەحمەد داوای لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا کرد هەڵوێستێکی پتەو لە دژی ئەو تێکدەرانە بگرنەبەر و وتی: شەهیدان نوێنەرایەتی هێڵی سوورن، چونکە ئەوان بەردی بناغەی ژیان بە کەرامەت و جێبەجێکردنی پڕۆژەی دیموکراتیکن، هەروەها بێدەنگی حکومەتی و لێپرسینەوە نەکردنی گروپە تێکدەرەکانی شەرمەزارکرد.