بەسمە محەمەد: پێویستە ئێمەی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان خەبات بکەین

بەسمە محەمەد، بەڕێوبەری ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، دەڵێت: پێویستە ژن خۆی کار لەسەر خۆی بکات و ئاستی هۆشیاری خۆی بگەیەنێتە ئاستێک کە بزانێت مافەکانی چین، بە جۆرێک دانیشتووی هەر وڵاتێک بێت دەبێت خوێندنەوە بۆ یاساکان بکات.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی- لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بابەتی مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی ژنان بووەتە جێی سەرنجی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە هێشتا کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتیان هەیە، کە ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی کارای زیاتر و جێبەجێکردنی یاساکان دەکات، چونکە هێستا ژنان ڕووبەڕووی توندتیژی و بەربەست دەبنەوە.

 

''زۆرینەی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە مرۆڤ بە کەرامەتەوە بژی و مافە سەرەتاییەکانی ژیانی بۆ دابین بکرێت''

بەسمە محەمەد، بەڕێوبەری ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، وتی: مافەکانی مرۆڤ یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان کە هەموو مرۆڤێک پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بتوانێ بە شێوازێکی ئارام و شکۆوە بژی لە وڵاتی خۆیدا، لەبەر ئەوەی کە مافەکانی مرۆڤ یەکێکە لە بابەت سەرەکییەکان و زۆرینەی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە مرۆڤ بە کەرامەتەوە بژی و مافە سەرەتاییەکانی ژیانی بۆ دابین بکرێت، کە بەداخەوە دەبینین نەک تەنها لە باشووری کوردستان بەڵکو لە هەموو ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاستدا تاوەکو ئێستا ڕۆژانە مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت بە چەندەها شێوازی جیاواز، هەروەها دەبینین بە چەندین شێوازی جۆراو جۆر ژن کوشتن بوونی هەیە و ژنان لە مافەکانیان بێبەش دەکرێن، هەروەها کەمو کورتی لە بەشداری سیاسی ژناندا هەیە، بە جۆرێک  ژنانی سیاسی لە دەسەڵاتدا بەشداری ڕاستەقینەیان لە بەکارهێنانی مافەکانی خۆیان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن نییە، بە جۆرێک ژنان نەیانتوانیووە ئەو مافانەی کاری بۆ دەکەن بە دەستی بهێننن، بە ڵام دەبێت ئەوەش بزانین کار زۆر کراوە و دەستکەوتمان زۆرە و لە هەمان کاتیشدا کار زۆر ماوە بیکەین بۆ ئەوەی ژنان بگەن بە مافە ڕەواکانی خۆیان.

 

''پێویستە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان خەبات بکەین''

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان خەبات بکەین، لە هەمان کاتیشدا دەبێت کۆمەڵگەش هەڵوێستی هەبێت، هەروەها پێویستە ژن خۆی کار لەسەر خۆی بکات و  ئاستی هۆشیاری خۆی بگەیەنێتە ئاستێک کە بزانێت مافەکانی چین، بە جۆرێک دانیشتووی هەر وڵاتێک بێت دەبێت خوێندنەوە بۆ یاساکان بکات و بزانێت وەک ژنێک چ مافێکی هەیە، دواتریش کار بکات بۆ بەدەست هێنانی ئەو مافانەی کە نیەتی و بەدەستی بهێنێت، ئێمەش کۆمەڵێک یاسای باشمان هەیە، بەڵام چالاک نەکراون و کاری پێناکرێت، بۆیە ئەمە یەکێکە لە کێشە گەورەکانمان، هەروەها پێویستە ژنان بزانن چ یاسایەک نییە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن، بێگومان ئەمەش پێویستی بە خەبات هەیە تاوەکو ئەو یاسانەی کە کاریان پێناکرێت چالاک بکرێن، ئەمەش تەنها بە خەبات و خۆهۆشیارکردنەوەی ژنان ناکرێت، بەڵکو دەسەڵات  و پەرلەمان و ڕێکخراوەکانیش پێویستە بە هەماهەنگی کار بۆ ئەو یاساو مافانە بکەن، ڕاستە دەبێت ژنان خۆیان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بدەن، بەڵام پێویستە ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی سیاسی لەگەڵدا بێت کە کار بکات بۆ مافی ژن، هەروەها دەبێت مافی ژنان لە کارە سەرەکی و یەکەمەکانی هەموو وڵاتێک بێت، لە هەمان کاتیشدا دەبێت ڕێکخراوەکان بە شێوازێکی گونجاو کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە.

 

''کۆمەڵگە تاوەکو ئێستا بڕوای بە کاری ڕێکخراو نییە''

بەسمە محەمەد، بەڕێوبەری ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، وتی: بەردەوام پرسیاری ئەوەمان لێدەکرێت کە ئێوە وەک ڕێکخراوەکان توانیوتانە چ کارێک بۆ پاراستنی مافی ژنان بکەن؟، وەڵامی ئەم پرسیارە دوو لایەنەیە، ئێمە وەک ڕێکخراوەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبینەوە، بەجۆرێک تاکو ئێستا ئێمە کێشەی دارایمان هەیە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی کۆتایدا ڕێکخراوەکان لە کوردستان و عێراق و لە سەرتاسەری جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بوونەتەوە، بۆیە کاتێکیش کە قەیرانی ئابووری هەبێت ڕێکخراوەکان ناتوانن بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ئەو چالاکیانەی کە هەیانە ئەنجامی بدەن، هەروەها یەکێکی تر لەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی دەبینەوە ئەوەیە کە کۆمەڵگە تاوەکو ئێستا بڕوای بە کاری ڕێکخراو نییە، تەنانەت دەتوانم بڵێم لە ١٠٠٪ قبوڵ نەکراوین، بۆیە ئەمانە هەمووی کۆمەڵێک کێشەن کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، هەروەها ئێمە وەک بەشێکی بچووک هەوڵی خۆمان داوەو  کارمان بۆ مافەکانی ژنان کردووە، بەڵام بێگومان لەو ئاستەدا نییە کە خۆمان چاوەڕێمان کردووە.

 

''گۆڕانکاری ڕاستەقینە،گۆڕانکاری فکرییە''

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی:  گۆڕانکاری ڕاستەقینە،گۆڕانکاری فکرییە، چونکە ئەگەر تۆ فکرەکە نەگۆڕی ناتوانی شتی تریش بگۆڕی، بۆنموونە ئەوەی کە لە بەسڕە و چەند شوێنێکی تر ڕووبەڕووی ژنان بۆیەوە لە شەوی سەری ساڵدا، دەرخەری ئاستی هۆشیاری و فکری کەسەکان و کۆمەڵگەیە، کە بەداخەوە بینیمان کۆمەڵێک لە ڕاگەیاندنەکان و دەزگا میدیاییەکان لەو بڕوایەدابوون کە ئەو ژنانە هەڵەبوونە کە لەو شەوەدا چوونەتە دەرەوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێگەی داخ و خەمە، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە تاکو ئێستا لە جیاتی ئەوەی سزای کەسی تاوانبار بدات، لۆمەی کەسی بێتاوان دەکات لە کاتێکدا ئەو کەسەیە کە تاوانی بەرامبەر ئەنجامدراوە، بۆیە کاری فکری لە هەموو شتێک قورس ترە و بابەتی پەروەردەیە و  لە ماڵەوە و خوێندنگەش   پرۆسەیەکی زۆر دورودرێژ و ئاڵۆزە، بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی کاری لەسەر دەکەن کەسانی زۆر پسپۆڕ بن و بزانن چۆن کاری لەسەر دەکەن، کە بەداخەوە ئێمە دەبینین هەندێک بابەت هەیە وەک مافی مرۆڤ کە کەسانی پسپۆڕ لەخوێندنگەکاندا باسی ناکەن، ئەمەش وادەکات خوێندکارەکان نەتوانن بە باشی لەو بابەتە تێبگەن، لەبەر ئەوە زەروورە دایک و باوک هۆشیاریان لە ئاستێکدابێت بتوانن پەروەردەیەکی تەندروستی منداڵەکانیان بکەن، بێگومان خوێندنگە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و سەرەکی هەیە، بەڵام دەبێت ئەو کەسانەی کار لەم بوارەدا دەکەن کەسانی پسپۆڕ بن و بزانن مافی مرۆڤ و پەروەردەی منداڵ چییە؟، زۆر بابەتیش هەیە دەبێت ڕەچاوی بکەن لە کاتی پەروەردەکردنی ئەو منداڵانەدا،  هەروەها من ناتوانم بڵێم کە خوێندنی وانەی ماف لە خوێندنگەکاندا سەرکەوتووبووە یاخود نا بێ ئەوەی ئامارم پێبێت، بەڵام بە شێوازێکی گشتی بینیومانە یەکێکە لە بابەتە لاوەکییەکان کە زۆر گرنگی پێنەدراوە، لە کاتێکدا بەبەتەکانی وەکو زانست و بیرکاری گرنگی زۆری پێدەدرێت، لە کاتێکدا کە دەبێت بابەتی مافی مرۆڤ زۆر زیاتر لەو بابەتانە گرنگی پێبدرێت، بۆیە بە شێوازێکی گشتی خوێندنی وانەی ماف لە ئاستێکی باشدا نییە.

 

''هەندێک لەو کەسانەی کە کاری ڕاگەیاندن دەکەن لەو ئاستەدا نین و شارەزای مافەکانی مرۆڤ نین''

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: لە قۆناغی یەکەمی کارکردنمان وەک ڕێکخراو تەرکیزمان تەنها لەسەر ژنان بوو، بەڵام ئێستا  لەبەرئەوەی کار بۆمافی مرۆڤ دەکەین جیاوازی لە نێوان ڕەگەزەکاندا ناکەین، چونکە لە کۆتایدا ئێمە هەموومان مرۆڤین و پێکەوە بە هەماهەنگی دەژین و کارو چالاکی و ژیانشمان پێکەوەیە، هەروەها دایک و باوک پێکەوە منداڵ بەخێو دەکەن،  بۆیە پێویستە ئەو قۆناغە تێپەڕێنین کە ژن و پیاو جیا دەکاتەوە، بەداخەوە تەنانەت کاتێک ڕووداوی هاتووچۆ دەبێت دەڵێن شۆفێركی ژن توشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە، وەکو ئەوەی کە پیاو توشی هیچ ڕووداوێکی هاتووچۆ نەبێت و تەنها خەتای ژنانبێت کە ڕووداوی هاتوچۆ  ڕوودەدات، هەروەها ڕاگەیاندن ڕۆڵی زۆری هەیە و دەبێت ڕاگەیاندنکاران ڕاهێنانیان پێبکرێت سەبارەی بە مافەکانی مرۆڤ و ژنان و منداڵان، کە بەداخەوە ئێمە ڕۆژانە هەندێک هەڵەی ڕاگەیەندن هەیە دەیبینین، کە هەندێک جار ئەنجامەکەی ترسناکە و دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی لێکەوێتەوە، چونکە هەندێک لەو کەسانەی کە کاری ڕاگەیاندن دەکەن لەو ئاستەدا نین و شارەزای مافەکانی مرۆڤ نین، بۆیە پێویستە ڕاگەیاندنکار زمانی ڕاگەیاندن بە باشی بەکار بهێنێت، بەجۆرێک بە پێی بارودۆخ و ڕووداوەکان بزانێت چۆن هەواڵەکان دەگوازێتەوە.