بڵێسە جەبار فەرمان: کورد نابێت بە دوو وشەی کوردی کازمی فریو بخوات
کۆبوونەوەی نێوان عێراق-ئەردەن-میسر لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، لە تویتێکدا کازمی دەڵێت "بەغدادی عەرەبی پێشوازی لە میوانەکان دەکات"، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت کورد نابێت بە دوو وشەی کوردی کازمی فریو بخوات.
ناوەندی هەواڵ
٢٧ی حوزەیران لە بەغدای پایتەختی عێراق کۆبوونەوەی سێ قۆڵی هەریەک لە وڵاتانی عێراق-ئەردەن- میسر بەڕێوەچوو، دەربارەی کاری هاوبەش و ستراتیژی لەپێناو بەرژەوەندی گەل و وڵاتانی بەشداربوودا.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە تویتێکدا دەنووسێت: بەغدادی ئاشتی و عەرەبی پشوازی لە میوانەکان دەکات، لەو بارەیەوە بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک دەنووسێت: "کورد نابێت بەو دوو وشە کوردیە فریو بخوات کە کازمی دەیزانێت".
هەروەها دەشڵێت: وتاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لوتکەی سیانی عێراق-ئوردن-میسر و ھەروەھا تویتەکەی مایەی نیگەرانی و تێڕامانە کە دەلێت "بغدادی عروبە پێشوازی لە میوانەکان دەکات"، ئەم دەربڕین و ھەنگاوەی کازمی یەکەم جار نیە. تا ئێستا چەندەھا ھەنگاوی ناوە بە کردنەوەی عێراق بە رووی وڵاتانی عربیدا و هەوڵی چاک کردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سعودیە و کوەیت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا کە عێراق وڵاتێکە توانای پاراستنی سنورەکانی نییە، کێشمەکێشمی ناوخۆیی و قەیرانی دارایی و گەندەڵی تا قوڕقوڕاگەی ھاتووە، ئەم جۆرە ھەنگاوانە کێشەی زیاتری بۆ دروست دەکات.
"پێویستە سەرکردەکانی باشوری کوردستان کار بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکەن"
لە کۆتایشدا دەڵێت: گەڕانەوەی عێراق بۆ سەردەمی بەعس و سەدامی خەتەرێکی گەورەیە لەسەر کورد و کوردبوون و ھەرێم، سەرکردەی حزبەکانی ھەرێم نابێت ئەم تویتە بە شێوەیەکی سادە وەرگرن، ھەروەک چۆن بەغدا هەوڵی کۆکردنەوەی عروبە لە دەوری خۆی دەدات، دەبێت بە زووترین کات سەرکردەکانی کورد کۆببنەوە و پلان و ستراتیجیەتی نوێ دابڕێژن، بە بۆچوونی من دەبێت ھەر لەدوای کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی باشوری کوردستان کار بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی کورد بکرێت.
دەشڵیت ئەم تویتە زەنگی گەڕانەوەی فاشیزم و فاشیەکانە، کورد نابێت بەو دوو وشە کوردیە فریو بخوات کە کازمی دەیزانێت.
ت.پ