بەسێ هۆزات پێشەنگایەتی گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە پێشەگایەتی مەراسیمی چەک لەناوبردنی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی گەریلای لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١١ی تەمووز، مەراسیمی چەک لەناوبردن لە لایەن "گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ەوە لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی لە کاتژمێر ١١:٢٥ دەستیپێکرد و لە کاتژمێر ١١:٤٥ خولەک کۆتای هات. 

 

ژمارەی گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ٣٠ گەریلا بوون، کە ١٥یان ژن بوو، ١٥ی دیکەشیان پیاو بوون، کە بەسێ هۆزات و نەدیم سەڤەن پێشەنگایەتییان دەکرد.

 

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا بەسێ هۆزات قسەیکرد و وتی: هەڵوێستی خۆمان لە ئاست بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆدا دیاری دەکەین، لەو پێناوەیشدا لێرەین. بۆ برەودان بە پرۆسەکە لێرەین. لە بەرانبەر نکۆڵی و لەنابردن چەکمان هەڵگرت. ئێمە شەڕڤانی ئازادیین. بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، بە بانگەوازی ٢٧ـی شوبات و بە ئامانجی بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە ئەم هەنگاوە دەنێین.

 

بەسێ هۆزات کێیە؟

ھولیا ئۆران ناسراو بە بەسێ ھۆزات لە ساڵی ١٩٧٨ لە دێرسیم لەدایک بووە، لە بنەماڵەیەکی کوردی عەلەوییە،لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە چیاکانی دێرسیم بوو بە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان و ناوی بەسێ هۆزاتی بۆ خۆی ھەڵبژارد، لە ٥ی تەمووزی ٢٠١٣ لەلایەن ئەنجومەنی گشتی کۆنگرەی گەل وەک ھاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" ھەڵبژێردراوە.