ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان: گەورەترین تێکۆشانی دیموکراسی ڕێکخستنی گەلە
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دوایین دیداریدا لەگەڵ دەم پارتی، تیشک دەخاتە سەر زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەم ساڵانەی دواییدا و داوای هەستیارییەکی کۆمەڵایەتی کردووە و هەروەها دەشڵێت: گەورەترین تێکۆشانی دیموکراسی ڕێکخستنی گەلە.
ناوەندی هەواڵ
شەڕ و پێکدادان لەنێو خێزان و شار و عەشیرەتەکان تا دێت زیاتر وەردەگەڕێت بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر، بەم دواییانە، بەتایبەت لە وان و چەند شارێکی تر، کێشەی هەرە بچووکیش وەردەگەڕێن بۆ شەپۆلێکی توندوتیژی و ئەمەش شوێنەواری نەرێنی هەبووە لەسەر پەیوەندییەکان و ئاشتەوایی و ئارامیی کۆمەڵایەتی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان ''دەم پارتی''ەوە وەرگیراون، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەرنجی خستووەتە سەر مەترسی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییانە.
بە پێی وتەی شاندەکەی دەم پارتی، ڕێبەر ئاپۆ لەڕێی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانەوە چاودێریی پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تاکەکان و خێزان و عەشیرەتەکان دەبینێت، لە دیدارەکەدا، لەم بارەیەوە داوای زانیاری لە شاندەکە کردووە، وتی: ''ئاگام لە زیادبوونی توندوتیژییەکانی نێو کۆمەڵگەیە، بەتایبەت توندوتیژیی دژی ژنان لە لوتکەدایە، بەمە ناڕەحەتم''.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دیدارەکەدا جەختی کردووەتەوە، کە هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە دەکات و وتویەتی: ''هۆکارێکی پێداگربوونم لەسەر پرۆسەی چارەسەری، ئەوەیە کە هەڵوەستە لەسەر ئەم کێشە کۆمەڵایەتییانە بکەم و چارەسەریان بۆ بدۆزمەوە، پاش تێپەڕاندنی یەکەم قۆناغی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، نۆرەی ئەم پرسانە دێت، بەڵێن بێت، ئەوەندەی دە وەزارەت کاربکەم بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، یەکەمین تەوەرێک لەسەری بوەستم، دەبێت توندوتیژیی ناو کۆمەڵگە بێت، پێویستە بەرانبەر ئەم بابەتە، ڕێوشوێنی یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و کلتووری بگیرێتەبەر''.
هەروەها وتوشیەتی: ''بانگەوازم بۆ ئەو کەسانەی گوێ لە من دەگرن ئەوەیە: بەشێوەیەکی ئەخلاقی چەکەکانیان لەدژی یەکتر دابنێن، بە وشەیەکیش بێت، دڵی یەکتر مەڕەنجێنن، کێشەکان لەڕێی عەقڵ و گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، توندوتیژیی نێوان خێزانەکان و عەشیرەتەکان و شارەکان ڕەتدەکەمەوە، بە شتانێکی نائەخلاقی دەیانبینم''.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داوا لە هەمووان دەکات بەرپرسیاربن بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی، ڕایگەیاند: ''دەبێت هەمووان بە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییەوە ڕووبەڕووی ئەم کێشانە ببنەوە و ڕۆڵبگێڕن، ئەم داوایەم لە وڵاتپارێزان و هەڤاڵانم هەیە، پێشتر وتم، گەر ڕێگە نەدەین تەنانەت یەک کەسیش لەم پرۆسەیەدا گیان لەدەست بدات، ئەوا سەرکەوتووین، بۆیە دەبێت دەستهەڵبگرێت لە توندوتیژیی کۆمەڵایەتی کە هۆکاری دابەشبوونمانە، دەبێت وشەیەکی خراپ و ئازاربەخشیش بە مرۆڤ نەوترێت”''.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ''چەند جار هۆشدارییم داوە، پێویستە کۆمەڵگە ڕێکخراو بکرێت، دەبێت ڕێکخستن بچووکترین یەکەی کۆمەڵگەش بگرێتەوە، کۆمەڵگە هی ئەوە نییە پشتگوێ بخرێت، گەورەترین تێکۆشانی دیموکراسی، ڕێکخستنی گەلە''.
هەروەها تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ''دەم پارتی'' لە سیاسەت و ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا و وتی: ''لە قۆناغی دووەمی پرۆسەکەدا بەم بابەتەوە سەرقاڵدەبم، دەم پارتی پۆتێنشاڵێکی گەورەی هەیە، دەبێت باوەڕی بە خۆی هەبێ، پارتێکی یەکلاکەرەوە، نە هاوپەیمانیی کۆمار و نە هاوپەیمانیی میللەت، ناتوانن بەبێ دەم پارتی هەنگاوبنێن، لەبەر ئەمە، دەبێت کۆمەڵگە ڕێکبخات و باوەڕی بە خۆی هەبێت، دەتوانێت بگاتە دەوروبەری ڕێژەی ٢٠٪''.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شاندەکەوە وەرگیراون، ڕێبەر ئاپۆ لە دوایین دیداردا، لە هەموو شتێک زیاتر دەربارەی دەرکردنی یاساکان بۆ ئەنتێگراسیۆن هەڵوەستەی کردووە، داوای لە هەموو کەس و لایەنە دیموکراتیکەکان کردووە، بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.