ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: دەبێت پرۆسەی یاسایی دەستپێبکات
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دەڵێت: لە کۆتا دیدارماندا بەڕێز ئۆجالان جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت پڕۆسەکە بە شێوازێکی یاسایی دەست پێبکات و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە و هەرکەسێک چی لە دەست دێت دەبێت بیکات.
ناوەندی هەواڵ
شاندەی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" سەبارەت بەو دیدارەی کە دوێنێ لە دورگەی ئیمڕاڵی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامیان دا، ئەم ڕاگەیاندراوەی بڵاوکردەوە.
"بۆ چاپەمەنی و ڕای گشتی...
وەک شاندەی ئیمراڵیی دەم پارتی دوای ماوەیەکی درێژ لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیدارێکی فراوانمان ئەنجام دا. لە کۆبوونەوەکەدا، ئەم بابەتانە بە فراوانی هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا: ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە، بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی، ڕێباز و شێوازی یاسای چوارچێوە.
لە دیدارەکەدا، بەڕێز ئۆجالان ئەم هەڵسەنگاندنانەی کرد تاوەکو بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێنەوە:
"پێداگریی ئێمە بەردەوامە بۆ ئەوەی لە سەر بنەمای ڕۆحی بانگەوازیی ٢٧ـی شوبات هەنگاو بنێین و پرسەکە لە ناو یاسای خوشک-برایەتییدا چارەسەر بکەین. ئێمە لەبەردەم ئەو قۆناغەداین کە هاوکاری و هاوپەیمانیی مێژووییِ کورد و تورک بخەینە سەر زەمینەیەکی یاسایی؛ کە ئەم هاوپەیمانییە لە ئەنادۆڵدا ڕاستییەکی مێژووییە و لە هەموو قۆناغە قەیراناویی و هەستیارەکاندا هەڵنەوەشاوەتەوە. ئەو ڕاستییەی کە "ئەگەر کورد لە تورک جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر تورک لە کورد جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت"، دروستکردنی یاسای یەکسانی و پێکەوەژیان دەسەپێنێت.
کاتی ئەوە هاتووە، زەمینەیەکی یاسایی دابمەزرێت کە هەستیاریی لایەنەکان لە بەر چاو بگرێت. با بزانین کە کردنەوەی ئەم ڕێگەیە بە پشوو درێژییەوە، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوەی مامەڵەی ڕووکەش، سووک، بەرتەسکەکان بەجێبهێڵین کە خزمەت بە داهاتوومان ناکەن، هەروەها پێکەوە ژیانی هاوبەش بونیاد بنێین. لە چوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی" لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە کراوە، پێویستە هەر کەسێک هەموو ئەوەی لە دەستی بێت ئەنجامی بدات بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی یاسایی دەست پێبکات، تاوەکو شەڕ و چەک بە تەواوی لە گۆڕەپانەکەدا دەرکرێن و پەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە.
هاوپەیمانیی کورد و تورک بەردی بناغەی داهاتووی هاوبەشی ئەنادۆڵە. لە هەموو هەنگاوێکدا کە هەڵدەگیرێت، دەبێت کەلتووری ئەم خاکە بە بنەما بگرین. دەکرێت بە ڕێکخستنەوەی یاسایی، ئەم هاوپەیمانییە بە گەرەنتی یاسایی هەمیشەیی بکرێت و لە کۆمارێکی دیموکراتیکدا بە شێوازێکی ئازاد و یەکسان بژین. دەبێت یاسای نێگەتیڤ بگۆڕێت بۆ یاسای پۆزەتیڤ.
مێژوو دەرفەتێکمان پێدەدات کە ژیانێکی هاوبەش بونیاد بنێین و لە ناو دادپەروەری و یەکسانیدا پەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە. بڕوای تەواوم بەوەیە کە پێکەوە سوود لەم دەرفەتە وەردەگرین و بەرز دەینرخێنین".
وەک شاندەکە ئەم بانگەوازەی بەڕێز ئۆجالان بە بانگەوازێکی مێژوویی دەبینین، دووپاتی دەکەینەوە کە پێداگریین لەسەر ئەوەی کە گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ پەرلەمانی تورکیا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر درێژە پێ دەدەین، پرۆسەکە بۆ وەرگرتنی ئەنجامێک بەرەو پێش دەبەین و لەسەر بناغەی خوشک-برایەتیی دەیگەیەنین بە چارەسەرێکی درێژخایەن.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی
٢١ـی تەمموزی ٢٠٢٦".