بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە، گوندەکانی بناری قەندیل کارەبایان پچڕا

فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردومانی بناری قەندیلیان کرد و زیانیکی زۆر بەر تۆڕی کارەبای ناوچەکە کەوت و زۆربەی گوندەکان بێ کارەبا بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو بناری قەندیلیان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیان بە تۆڕی کارەبای ناوچەکە گەیشتووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کارەبای گوندەکانی زارگەلی، بۆکریسکان و لێوژە لە سنوی ناحیەی وەرتێ پچڕاوە، لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سۆرانیش لەپێشتردا ئاماژەی بە بڕانی کارەبای ئەو ناوچەیە بەهۆی بۆردومانەوە کردووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە و سەرەڕای زیانە گیانییەکان، زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە.

 

ت.پ