بەهرە حەمەڕەش: لە کاتی جەنگدا هیچکات مافی ئێمەی کورد نەپارێزراوە
بەهرە حەمە ڕەش، ڕۆژنامەنووس و کۆمەڵناس، لە شاری هەولێر، وتی: کورد بەبێ هەبوونی ڕۆڵ و دەسەڵات لە ناو جەنگی نێوان ئێران- ئیسڕائیل و ئەمریکا، ڕوبەڕووی چەندین زیان و هێرشکرایەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ هێرشە جەنگییەکان و زیانەکانی بۆسەر ژینگەی ناوچەکە، جەنگ لە جیهاندا کاولکاری و کوشتن و ئاوارەبوونی لێدەکەوێتەوە، لەگەڵ ئەو کاولکاریانەدا خاک و ئاوهەوای ناوچەکە بەرەو لە ناوچوون دەبات، سەرەڕای تێکچوونی ژینگە لەلایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە، لە ئێستادا ئاوهەوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەدەست جەنگی نێوان وڵاتە زلهێزەکانەوە دەناڵێنێت، ڕوودانی جەنگ لە هەر ناچەیەکدا بەرەوپێشچونەکانی ئەو وڵاتە بەرەو لەناوبردن دەبات، هەروەها لەگەڵ دەستپێکی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەرکونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا، کامپ و بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێڵگە نەوتییەکان، ستونی هێڵەکانی پەیوەندیکردن، باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، شوێنە گشتییەکان و چەند دامەزراوەیەکی ناحکومی کراونەتە ئامانج.
بە گوێرەی ئامارە گشتییەکان، هێرشەکان و زیانەکانی بەم شێوازەیە:-
لە ماوەی ٣٩ ڕۆژی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، لە عێراقدا ٦٨٧ جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە ١٨٤، هێرش و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق ٢٩٥، هێرشیان ئەنجامداوە و لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەشەوە ١٠٧ کەس بوونەتە قوربانی،١٧ شەهیدو ٩٨بریندار.
زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بوون کە ژمارەیان ٥٤٦ هێرش بوو، ١١٣ هێرش بۆ سەر پارێزگای سلێمانی بوو، پارێزگای دهۆک ٢٥ هێرش ئەنجامدراوە، پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین هێرشی تێدا تۆمارکراوە کە تەنیا ٣ هێرش بوو.
ئەگەرچی سوپای پاسدارانی ئیران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و دامەزراوە هەواڵگرییەکان و گروپە شەڕکەرەکان بە ئامانجگیراون، بەڵام بەپێی چاودێری تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی، لەپاڵ کۆنسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، چەندین شوێنی نیشتەجێبوون و دامەزراوەی مەدەنی و ئەمنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگیراون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران نەبووە، لە یەک مانگی جەنگەکەدا، کونسوڵخانەی ئەمریکا و بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان ١٨١جار بە ئامانجگیراون کە ئەمەش ڕێژەی ٣٨.١٩٪ی هێرشەکان پێکدێنێت، حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان١٢١ جار هێرشیان کراوەتە سەر کە ئەمەش ڕێژەی ٢٥.٥٣٪ی هێرشەکان پێکدێنێت، شوێنە مەدەنی نشینەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەش کە لایەنی بەشدار نین لەم شەڕە، ١٧٢ هێرشیان کراوەتە سەر کە ئەمەش ڕێژەی ٣٦.٢٩٪ی هێرشەکان پێکدەهێنێت، زۆرینەی هێرشەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک، لەلایەن گورپە میلیشیا و هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراقدا ئەنجامدراون، ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی هێرشەکانی سەر پارێزگای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون، بەهۆی هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکانی ئێران و گرووپەکانییەوە، ١٧ هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان شەهید بوون و ٩٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە ناو شەهیدەکاندا حەوت پێشمەرگە و کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی هەولێر هەن، هەروەها حەوت پێشمەرگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش شەهید بوون، کە دووانیان لە هەولێر، سیانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون.
بەدەر لە زیانە گیانییەکان، بەهۆی هێرشەکانەوە بەلایەنی کەمەوە زیان بەرزیاتر لە ٥٠ خانووی هاووڵاتی مەدەنی کەتووە و زیاتر لە ٣٥ ئۆتۆمبێلی خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەتووە، مەترسی هێرشەکانیش بووەتە هۆی وەستاندنی خوێندن لە خوێندنگەو پەیمانگا و زانکۆکان.
" کورد لە جەنگی زلهێزان، بوە قوربانی بەبێ هەبوونی هیچ ڕۆڵێک"
بەهرە حەمە ڕەش، ڕۆژنامەنووس و کۆمەڵناس لە شاری هەولێر قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەکرد، جەنگ لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە ئەنجامدراوە و گەلی کود ڕووبەڕووی زیان و هێرش کراوەتەوە، وتی: لەگەڵ هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان ئێران- ئیسڕائیل و ئەمریکا، کورد بەبێ هەبوونی ڕۆڵ و دەسەڵات لە ناو جەنگەکەدا ڕوبەڕووی چەندین زیان و هێرشکراوەتەوە، هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان و شارەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر چڕدەکاتەوە، لە شاری هەولێردا خانەوادە و پێشمەرگە شەهید بوون، لە پاڵ شەهیدەکاندا زیانی گیانی و ماددی زۆر بەر هاوڵاتیانی ناوچەکە کەوتووە، نەبوونی ئاگربەست لە نێوان وڵاتە زلهێزەکاندا هاوڵاتیانی مەدەنی دەکرانە ئامانج، بەبێ بوونی ڕۆڵی هەڵگیرساندنی جەنگ هەرێمی کوردستان ڕوبەڕووی زیانی گیانی و ماددی کراوەتەوە، لە هەر بارودۆخێکدا گەلی کورد دەکرێتە ئامانج، بە هۆکاری هێرشەکان ژیانی هاوڵاتیان ناسەقامگیر دەبێت، بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیان بەرەو لاوازی چووە، خوێندکاران نەدەچوونەوە ناوەندەکانی خوێندن، ڕەشبەکوژیانە هێرشەکانیان ئەنجامدەدا، بینیمان چەندین ماڵ بە ناوی بارەگاکانەوە دەکرانە ئامانج، ماڵی هاوڵاتیانی سڤیل کرانە ئامانج و خێزانێک بونە قووربانی کە دوو هاوژین شەهید کەوتن.
ئاماژەی بەوەشدا، بارودۆخی کوردان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان سەقامگیر نییە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هێرشە درۆنییەکان، ڕژێمی ئێران ڕەشبەکوژانە گەنجان و ژنانی چالاکوانی کورد لە سێدارە دەدەن، وتیشی: سەرەڕای هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، دڵمان لای کوردانی پارچەکانی دیکەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل کاولکاری ناوەتەوە، لە پاڵ جەنگەکەشدا کوردان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕوبەڕووی زیندانی کردن و لە سێدارەدان دەبنەوە، هەروەها لە کاتی جەنگدا هیچکات مافی ئێمەی کورد نەپارێزراوە، کەس لەبەر ئێمەی کورد جەنگ ڕاناگرێت و نامانپارێزن، پاشان هێرشەکان بارودۆخی دەروونی منداڵان و خوێندکارانی بەرەو تێکدان بردووە، بەردەوام هاوڵاتیان و منداڵان لە هەبوونی ترس و دڵەڕاوکێدان، ئایە خوێندنگەکانیان یان شوێنی مانەوەی خوێندکاران دەکرێنە ئامانج، کە هاوڵاتیانی کردوەتە بەردەم ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە.
" گەلی کورد هیچکات جەنگی نەویستووە "
بەهرە حەمەڕەش لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو جەنگە لە دەرەوەی تواناکانی حکومڕانی هەرێمی کوردستان بوو، لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوەکانەوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بارودۆخەو هێرشانەیان دەکرد، ئەم جەنگە لە لایەن زلهێزەکانەوە ئەنجام دەدرا، ئەمریکا بەهۆکاری سیستمی بەرگرییەوە هەرێمی دەپاراست، ئەگەر نا زیاتر زەرەرمەند دەبووین، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بێلایەنی هەڵدەبژارد، بەڵام حکومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئێراندا نەبوو یان زۆرجار پێشبینی ئەوە دەکرا هێرشەکان لە عێراقەوە بۆ هەرێم ئەنجامدەدرێت، هەروەها لە کاتی هێرشەکاندا هاوڵاتیان نەیادەزانی کوێ پارێزراوە بۆ خۆ حەشاردن، لە ئەنجامدا لە هەولێر و سەرجەم شارەکانی دیکە گرانی و خراپی دۆخی ئابووری سەری هەڵداوە، نەبوونی پێداویستییەکان، دروستبوونی کێشەی سنوورییەکان و نەمانی سوتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان کێشەی بۆ هاوڵاتیان دروست کردبوو، گەلی کورد هیچکات جەنگی نەویستووە، دەسەڵاتداران و داگیرکەرانی خاکی کورد بەردەوامن لە ئەنجامدانی جەنگەکان، ئێمەی کورد ئامانجمان پاراستنی خاکی خۆمانە، مافەکانامن وەک مرۆڤێک پارێزراوبێت.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا بەهرە حەمەڕەش وتی: هەڵسەنگاندن و پێشنیارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست نییە، بەتایبەت هەڵسەنگاندن لە عێراقدا ئەستەمە، چونکە ناوچەیەکە لەژێر فەرمانی داگیرکەراندایە، بەگوێرەی دانوستانەکانیان لە ئێستادا هیچ دەستکەوتێک یان ئاگربەستێکی گرنگ ڕوینەداوە، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە پشتڕاستکراوەتەوە هێرشەکان زیاتر لەسە ئابووری ناوچەکان ئەنجامدەدرێت، بازرگانییەکان بەردەوامی نەماوە، هێرشەکان زیاتر لە ١٤ وڵاتی گرتەوە، هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ و ئەتۆم جەنگەکانی نێوانیانی زیاتر مەترسیدارتر کردووە، چونکە ئێمە وەک نەتەوەی کورد ئەزموونی چەکی کۆمەڵکوژمان هەیە، کە گەلی کورد بەردەوام بەدەست ئەو ئەنفال و جینۆسایدانەوە دەناڵێنێت، هەبوونی ئەو بارودۆخانە بۆتە هۆکاری دروستبوونی دڵەڕاوکێی گەلی کورد، بۆیە ئاگربەستەکان جێگەی دڵخۆشی ئێمەی گەلی کورد نییە.