بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە؛ یەکێک لە تاوانە قورسەکانی دژ بە تاک و کۆمەڵگە
دوای ئەوەی مرۆڤایەتی سەرکەوتوو بوو لە بنبڕکردنی دیاردەی کۆیلایەتی، بەڵام بە شێوازی جۆراوجۆر دەرکەوتەوە، ئەویش لە ڕێگەی تاوانەکانی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە بە تایبەت ژنان کە بە شێوەیەکی توندتر خزایەوە ناو کۆمەڵگە.

هێرۆ عەلی
ناوەندی هەواڵ- بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە، دیاردەیەکە کە بە پێشێلیکردنی مافەکانی مرۆڤ و بنەما سەرەکییەکانی سەروەری یاسا و دیموکراسی دادەنرێت، یەکێکە لە تاوانە قورسەکانی دژ بە تاک و کۆمەڵگە، لە هەموو شوێنێک بە شێوازی جیاواز ڕوودەدات کە مامەڵە بە مرۆڤەوە دەکرێت لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنیەوە، بە تایبەتی منداڵان و ژنان بەجۆرێک کە کاریگەری زۆری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەرونیان دەبێت.
مرۆڤایەتی لە سەرەتای سەرهەڵدانی مێژووەوە جۆرەها شێوەی کۆیلایەتی ناسیوە، کە دەرکەوتەکانی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازبوە، هەروەها دوای ئەوەی مرۆڤایەتی سەرکەوتوو بوو لە بنبڕکردنی دیاردەی کۆیلایەتی، بەڵام بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆردەرکەوتەوە، ئەویش لە ڕێگەی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کە بە شێوەیەکی توندترخزایەوە ناو کۆمەڵگە.
بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە چەند شێوازێکی هەیە، لەوانە:
چەوساندنەوەی سێکسی، چەوساندنەوەی کارکردن، چەوساندنەوە بە سواڵکردن، تاوانی زۆرەملێ، دەرهێنانی ئەندامی جەستە بە نایاسایی.
لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٠دا، پرۆتۆکۆڵی ڕێگریکردن و سەرکوتکردن و سزادانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بەتایبەتی ژنان و منداڵان پەسەندکرا، کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، تا مانگی تەمموزی ٢٠٢٥ لەلایەن ١٨٥ لایەنەوە پەسەندکراوە.
سەبارەت بە هاوکاری و پاراستنی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەم پرۆتۆکۆڵە ئاماژە بەوە دەکات کە هەر دەوڵەتێکی ئەندام دەبێت دڵنیابێت لەوەی کە تایبەتمەندی و ناسنامەی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پارێزراو دەبێت لە ڕێگەی یاسایی و نهێنییەوە، هەروەها قوربانییەکان ئەمانەیان پێدەدرێت: زانیاری لەسەر ڕێکارە دادوەری و کارگێڕییە پەیوەندیدارەکان، هاوکاریکردن بۆ ئەوەی بتوانن بۆچوون و نیگەرانییەکانی خۆیان لە دژی تاوانباران بەبێ زیانگەیاندن بە مافەکانی بەرگریکردن دەرببڕن، دابینکردنی خانووبەرەی گونجاو، ئامۆژگاری و زانیاری تەواو سەبارەت بە مافە یاساییەکانیان بە زمانێک کە بتوانن لێی تێبگەن.
هەروەها نەتەوەیەکگرتوەکان داوای لەو وڵاتانە کردوە کە پرۆتۆکۆلەکەیان پەسەند کردووە، یاسای قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وڵاتەکانیان دەربکەن، کە لەو کاتەوە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سیمایەکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و بە تاوانێکی جیهانی وەسف دەکرێت، بەتایبەتی دوای فراوانبوونی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
ئامانجەکانی پرۆتۆکۆلەکەش بریتین لە: ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن و پاراستن و هاوکاریکردنی قوربانییەکان و پێشخستنی هاوکاری لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە پرۆتۆکۆلەکەیان پەسەندکردووە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە.
ھەروەھا ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٠دا، یاسای پارێزگاریکردن لە قوربانییانی بازرگانیکردن و توندوتیژی دەرکردووە و تێیدا میکانیزمی پێویستی داڕشتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە، ئەم یاسایە چوارچێوەیەکی گشتگیری بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆیلایەتی مۆدێرن دابین کردوە، کە جەخت لەسەر ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و پاراستنی قوربانییەکان و دادگاییکردنی بازرگانەکان کردۆتەوە.
ڕێککەوتننامەی ئەنجومەنی ئەوروپا لە ١٦ی ئایاری ٢٠٠٥دا، بۆ ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پێشنیازکرا، کە لە ١ی شوباتی٢٠٠٥ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تا مانگی تشرینی یەکەمی٢٠٢٣ لەلایەن ٤٧ دەوڵەتی ئەوروپا و پەسەندکراوە، هەموو وڵاتێکی ئەندام لە ئەنجومەنی ئەوروپا ڕێککەوتننامەکەیان پەسەند کردووە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١ ئیسرائیل کە وڵاتێکی نائەندامە لە ئەنجومەنی ئەوروپا بەشداری کۆنفرانسی ئەوروپای کرد و بووە یەکەم وڵات لە دەرەوەی ئەوروپا کە ئەو کارە بکات.
بەپێی چەندین لێکۆڵینەوە و ئامار، جۆرەکانی تاوانبارانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە جیاوازن، نزیکەی ٦٥٪ی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە سەرانسەری جیهاندا لەلایەن تۆڕە تاوانکارییە ڕێکخراوەکانەوە لە سەرانسەری سنوورە نیشتمانییەکاندا ئەنجامدەدرێت، لەکاتێکدا نزیکەی ٣٥٪ی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەلایەن گروپە بچووکەکانەوە ئەنجامدەدرێت کە چالاکییە تاوانکارییەکانیان لەناو وڵاتدا ئەنجامدەدەن.
هەربۆیە لە ئێستادا بەهۆی زۆر بوونی ژمارەی قوربانیانی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە و زیاد بوونی مەترسی و کاریگەرییەکانی دوای تاوانەکە، زۆرینەی وڵاتان لە رێگەی دەرکردنی یاسایی تایبەتمەندەوە هەوڵ دەدەن ڕووبەڕوی ئەم دیاردەیە ببنەوە لە پێناو کەمکردنەوەی ڕێژەکە و ڕیگریکردنلێی.
بازرگانی بە مرۆڤەوە لە عێراق لە ٢٠٠٣ەوە تەشەنەی کرد
بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراقیشدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەستی بە تەشەنەکردن کرد بە شێوە جۆراوجۆرەکانی، لەوانە ئیستغلالکردنی منداڵان بۆ سواڵکردن، ناچارکردنی ژنان بۆ کارکردن لە تۆڕەکانی لەشفرۆشی و بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤ، بڵاوبوونەوەی ئەم تاوانانەش وایکرد پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٢ دەربکات، کە لە ماددەی ٣٧، خاڵی سێیەم لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق – ٢٠٠٥دا، ئاماژە بەوە کراوە: کارکردنی بە زۆرەملێ و کۆیلایەتی و بازرگانی بە ژنان و منداڵ و بەکارهێنانیان بۆ سێکس قەدەغەیە.
داعش؛ گەورە بازرگانی ژنان و منداڵان
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال، لەوهێرشەدا کە بە فەرمانی ٧٤ ناسراوە هەزاران ئێزدی کوژران و هەزاران ژنی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندران، دوای بەرخۆدانی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" ، شەڕڤانانی یەژا ستار و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال "یەبەشە" و یەکینەکانی ژنانی شەنگال "یەژەشە" و بە هاوکاری یەپەگە و یەپەژە، شنگال لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە دەستی چەتەکانی داعش ئازادکرا.
چەتەکانی داعش دوای هێرشیان بۆ سهر شنگال و دهوروبهری، ههزاران ژنی ئێزدیان له خانهوادهكانیان جیاكردهوه و وەک کۆیلە لەگەڵ خۆیان بردوویانن بۆ سوریا، داعش بهشێوهیهكی نامرۆڤانە مامهڵهی لهگهڵ ژنانی كوردی ئێزدی كردووه و وهكو موڵكی چهكدارهكانی ئهو رێكخراوه مامهڵهی لەگەڵدا كردوون و ناچاری كردوون به كاركردن له ماڵی چهكدارانی رێكخراوهكه و ههروهها دهستدرێژیی سێكسی كراوهته سهریان و بێبهشیش كراون له نان و خواردن و خواردنهوهی پێویست.
لە ساڵی ٢٠١٤شدا بەشێک لەو ژنانەی لەلایەن داعشەوە ڕفێنرابوون بەپارە ئازاد کران و بەشێکیشیان دوای تێکشکاندنی داعش لەموسڵ و ڕەققە لە ساڵی ٢٠١٧، گەڕانەوە بۆ ناو خێزان و کەسوکاریان، بەڵام هێشتا بەسەدان ژنی ئێزدی چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، کە لە ئابی ٢٠٢٣ تۆمار کراوە، تائێستا ٨٣ گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی و ژمارەیەک گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەشی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا رفێندراون، ٦ هەزارو ٤١٧ کەس بوون، کە سی هەزارو ٥٤٨ کەسیان ژن بوون و دوو هەزارو ٨٦٩ کەسیشیان پیاو بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزارو ٥٧٠ کەسیان رزگار کراون، کە هەزارو ٢٠٨ ژن، ٣٣٩ پیاو، هەزارو ٦٦منداڵی کچ و ٩٥٧ منداڵی کوڕن، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە شەهیدبوون نزیکەی ه هەزار کەسن.
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا لە کۆی نزیکەی دوو هەزار ژن هەزار و ١٨٤ ژن ڕزگارکراون، دوو هەزار و ٩٠٠ ئێزدی لە دەستی داعشدا ماون و چارەنووسیان نادیارە، زۆربەیان ژن و منداڵن، کە بیروباوەڕیان گۆڕاوە و داعش بەکاریان دەهێنن.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەساڵی ٢٠٢١دا، یاسایەكی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ژنە ئێزدییە رزگاربووەكانی دەستی داعشی پەسەند كرد کە زەوی یان شوقەیان پێبدرێت، کە لەیاساکەدا هاتووە، ژنانی رزگابووی دەستی داعش، پارچە زەوییەكی نیشتەجێبونیان پێدەدرێت و دەبێت ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێتەوە، ئەم پرۆژەیەش لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە پێشكەشی پەرلەمان كرا بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی داعش.
بەڵام سەرەڕای هەبوونی ئەم یاسایانە تاوەکوئێستا لە وڵاتانی جیهاندا بە شێوازی جۆراو جۆربازرگانی بە ژنانەوە دەکرێت بەمەبەستی بە کارهێنانیان بۆ کاری لەشفرۆشی، هەروەها ژمارەیەکی زۆری ئەو ژنە ئێزدیانەی کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنراون و کراون بە کۆیلە و بازرگانیان پێوەدەکرێت لە چاوەڕوانی ڕزگاربووندان.