بانگەوازێک بۆ ژنان لە لوبنانەوە: دەتوانین بە ئیرادەی خۆمان ژیان دروست بکەین
فاتمە یەعقوب ژنێکی خەڵکی باشووری لوبنانە و ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان و کۆچکردن بووەتەوە و لەم بارەیەوە وتی: دەتوانین دەست بە ژیان بکەینەوە، بە پێچەوانەی هەموو ئەگەرەکانەوە، بە ئیرادە و بوونی خۆمان دەتوانین ژیان دروست بکەینەوە.
فادییە جومعە
بەیروت – بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە، مرۆڤەکان لە جیهاندا ڕووبەڕووی چەندین بارودۆخی ترسناک دەبنەوە کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مرۆیی کەمی هەیە، هێزە دەسەڵاتدارەکان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان و لەسەر حیسابی خەڵک شەڕ دەکەن.
ژنانی دانیشتووی باشووری لوبنان ڕووبەڕووی سەختییەکی گەورە دەبنەوە، هێرشەکان لەو ناوچانە وەستاون، بەڵام کاریگەرییەکانیان لەسەر گوند و شارۆچکەکانیان بەردەوامە، کۆچکردن بەردەوامە، ژنانی باشووری لوبنان بە چەندین شەڕ و ململانێدا تێپەڕیون، بەڵام هێشتا ئیرادەی خۆیان پاراستووە، سەدان ژن، ڕەنگە زیاتریش، بیرۆکەی خۆیان بۆ پڕۆژەکان دەربڕیوە و لە زۆر بواردا دەستیان بە خولی بەرهەمهێنان کردووە، ئەوان بەرپرسیارێتی هەموو شتێک لە پێداویستییەکانی ماڵەوە تا کاری دەستی لە ئەستۆ دەگرن.
"ژیان پێش هێرشەکان زۆر باش بوو"
فاتمە یەعقوب، هاوڵاتییەکی لوبنانی خەڵکی شارۆچکەی هۆلایە و لە هێرشەکاندا ماڵەکەی وێران بووە، ئەو دەربارەی ئەم بابەتە وتی: ساڵێک و سێ مانگە ڕووبەڕووی ئاوارەبوون بووینەتەوە، پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرش بکات، من مامۆستا بووم، هاوکات لەگەڵ خوێندنگە، لە کێڵگەکانیشدا کارم دەکرد و خواردنم بۆ خێزانەکەم ئامادە دەکرد، دۆخی داراییمان باش بوو، لە گوندەکەدا ژیانێکی باشمان بەسەر دەبرد، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان ناچار بووین زەوی و گوندەکەمان جێبهێڵین، لەبەرئەوەی زۆر لە سنوورەوە نزیک بووین، چووینە زۆر گوند و شارۆچکە و بڕیارماندا ژیانمان ئاوەدان بکەینەوە، لە شارۆچکەی بەشامۆن، جارێکی دیکە دەستم بە کارەکانی بەرهەمهێنەری خۆراک کردەوە و هەمیشە لە بەرامبەر ئاستەنگەکانی ژیاندا خۆڕاگریمان هەبووە، بەهۆی ئەوەی کەرەستەی ئامادەکردنی خۆراکمان نەبوو، ناچار بووین بگەڕێینەوە باشوور و لە شارۆچکەی مەراک نیشتەجێ بووین بۆ ئەوەی لە زەوییە کشتوکاڵییەکان نزیکتر بین و لەوێشەوە پێداویستییەکانمان وەربگرین.
سەختییەکانی ژیان لە کاتی کۆچکردندا
فاتمە یەعقوب سەرنجی بۆ ئەو سەختییانە ڕاکێشا کە لە ژیاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە و وتی: بۆ ئەوەی بەهێز و خۆڕاگر بم بەرامبەر بە سەختییەکانی ژیان، کارێکی نوێم بۆ خۆم دۆزیەوە، لە ژیاندا چەندین سەختیمان بینیوە، هیوادارین ژیانێکی باشتر بۆ منداڵەکانمان بونیاد بنێین، ئەو خانووەی ئێستا تێیدا دەژین زۆر بچووکە و تەنانەت سروشتی ئەو شارەش نازانین کە تێیدا دەژین، بەڵام هێشتا هەست بە هەبونی ماڵەوە دەکەین تێیدا، منداڵەکانم لە خوێندگەیەکی نزیک ناونوس کرد بۆ ئەوەی داهاتوویان لەدەست نەچێت و فێری خوێندنەوە ببن، بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە دیسان لێرەوە ئاوارە بووین و دوای دوو مانگ گەڕاینەوە، گوندەکەمان بە تەواوی وێران بووە، بۆیە ناچارین لە شارۆچکەی مەراک درێژە بە ژیانیان بدەن.
"ژیان دەبێت بەردەوام بێت"
فاتمە یەعقوب بانگەوازی بۆ ژنان کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بانگەواز بۆ هەموو ژنان دەکەم, با هیچ شتێک نەیانوەستێنێت و سنوورداریان نەکات، دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، ژیان سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان بەردەوام دەبێت، بەهۆی هێرشەکانەوە خەڵک و دۆستێکی زۆرمان لەدەستدا، ئەمە بە ئازارترین شتە لە ژیاندا، بەڵام بە ئیرادە و بوونی خۆمان دەتوانین ژیان دروست بکەینەوە.