"ئێمە لەسەر هێڵی کەرەم ئەحمەد دەڕۆین و خاکەکەمان ڕزگار دەکەین"

بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، درێژە بە خەباتی کەرەم ئەحمەد، بەڕێوبەری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ڕەققە دەدەن، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرایە ئامانج.

زەینەب عیسا

 

 قامیشلۆ- ئەو کەسانەی لە کانتۆنەکانی تەبقا، ڕەققە، جزیرە و فوراتەوە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسیش برینداربوون، کە یەکێکیان کەرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە شاری ڕەققە بوو.

 

 لەدژی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا و بەئامانجگرتنی کەرەم ئەحمەد، ئیبتیسام حوسێنی، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی قامیشلۆ، هەڵوێستی خۆی بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی.

 

"ژنان خۆیان بە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ناسی"

 ئیبتیسام حوسێنی باسی لە خەباتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وتی: ژنان خۆیان بە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و ژن ژیان ئازادی ناسی، ژنان چیتر کۆیلایەتی و ستەم و ئەو سیستمە قبوڵ ناکەن کە وێرانکەرە، بەتایبەت بۆ ژنان، بۆیە دەبینین زیاتر لە ٤٠ ساڵە، لە شاخ و خاکە ئازادەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، شۆڕشێک بە پێشەنگایەتی ژنان بۆ ئازادی و سەدەیەکی نوێ، لە ڕێگەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و سیستمی هاوسەرۆکایەتیەوە بەڕێوەچووە، ژن لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی و ڕاگەیاندنەوە ئامادەیی و پێگەی و بڕیاریان سەبارەت بە خۆیان و نەتەوەکەیان و کۆمەڵگەکەیان بەدەستهێناوە.

 

 "ژنان زنجیرەکانی کۆیلایەتییان شکاند"

 ئیبتیسام حوسێنی سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەئامانجگرتنی ژنان ڕاکێشا و درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: لە سایەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ژنان خۆیان ناسیوە و زنجیرەکانی کۆیلایەتییان شکاندووە، بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵبوون بەسەر سەختییەکان، ئەو بیرکردنەوە باڵادەستانەی پیاو کە لە کۆمەڵگادا ڕەگیان داکوتاوە، ئیتر قبوڵ نەکران، لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە تا ئێستا ژنان کراونەتە ئامانجی دەوڵەتی فاشیستی تورک، هەر بۆیە دەبینین لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا، دەیان ژنی پێشەنگ، کە هەم سەرکردەی کۆمەڵگە بوون و هەم ئەوانەی کە لە کۆنگرەی ستار یان ئەنجومەنە گشتیەکاندا کاریان بەڕێوەدەبرد، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج.

 

"ژنان بە ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە لە بەنداوی تشرین پشتیوانی شەڕڤانانی قەسەدە دەکەن"

 ئیبتیسام حوسێنی سەرنجی بۆ هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و بەئامانجگرتنی کەرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕاکێشا و وتی: لە بەرخۆدان بەرامبەر بەنداوی تشرین کە توانیویەتی زیاتر لە مانگێکە بەردەوام بێت، ژنانی قارەمان و بەرخۆدێر هەموو ڕۆژێک کار دەکەن، ئەوان چەند ڕۆژێکە لە ژێر سەختترین بارودۆخدا بە هەڵوێست و حەماسەت و ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە لەوێ وەستاون، بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی یەپەژە و یەپەگە و قەسەدە، ئاو و خاک و وزەی خۆیان دەپارێزن،  بۆمان دەرکەوت کە هاوڕێ کەرەم، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، ڕۆژێک پێش ئەوەی لە شاری حەسەکە بکرێتە ئامانج، خۆی بۆ کۆنفرانسی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادە دەکرد، ناوبراو بە ناوی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیاوە هەڵوێستێکی زۆر بەهێزی گرتەبەر، قسەی کرد و بۆچوونی خۆی بۆ سووریایەکی دیموکراتیک دەربڕی، بە هۆشیاری ژنانی ئازادەوە و رۆژی دواتر بۆ پاڵپشتیکردنی شەڕڤانان بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن و لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیادا کرایە ئامانج.

 

 " لە مردن گەورەترین"

 ئیبتیسام حوسێنی ئاماژەی بەوەدا کە کۆنگرەی ستار تا کۆتایی تێدەکۆشێت و پەیڕەوی لە هێڵی کەرەم دەکات، وتی: هەزاران ژنی بەرخۆدێرو تێکۆشەر لە کەسایەتی هەڤاڵ کەرەمدا هەن،  هاورێ حەدلاش کە خەڵکی کۆبانێیە لەوێ بریندار بووە، ئێمە لە مردن گەورەترین، ئەمە پەیامێکە بۆ دەوڵەتانی داگیرکەر کە هەرچەند هێرش بکەنە سەرمان و هەوڵدەن لەناومان ببەن، ناتوانن، ئەمڕۆ ئێمە کوردی ڕابردوو نین و ژنانیش ژنی ڕابردوو نین، ژنانی وەک کەرەم و حەدلا و سۆزدار زۆرن، بە ئیرادەی ئەو ژنانەوە  هەموو پلانەکانی داگیرکەران تێکدەشکێنین و ئازادیی هەموو ژنان مسۆگەر دەکەین، هێڵی کەرەم پەیڕەو دەکەین و خاکەکەمان ئازاد دەکەین.