بۆ ئەو منداڵە کچانەی ١٠ لەمەوبەر ڕفێندران، خۆپیشاندان کرا

لە نێجیریا خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو بۆ ئەو خوێندکارانەی کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بۆکۆ حەرامەوە ڕفێندران، داوای دەستبەجێ ڕزگارکردنی ئەو منداڵە کچانە کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٤ی نیسانی ٢٠١٤، بۆکۆ حەرام ٢٧٦ خوێندکاری کچی لە قوتابخانەی لیمان لە چیبۆک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای بۆرنۆ ڕفاندو تا ئیستا ئازاد نەکراون.

 

کەسوکاری خوێندکارە ونبووەکان لە دەیەمین ساڵیادی ڕفاندنی منداڵەکانیان لەلایەن بۆکۆ حەرام لە چیبۆکی نێجیریاخۆپیشاندانیان کرد.

 

خێزانەکان و کەسوکاری خوێندکاران، لە گۆڕەپانی یونیتی فۆنتاین لە ئەبوجای پایتەخت کۆبوونەوە، دروشمی "خەبات بۆ منداڵانی کچی چیبۆک، خەبات بۆ ڕۆحی نێجیریا"، "١٠ ساڵ ماوەیەکی زۆرە"، "کچەکانمان بگەڕێنەوە" و "خوشکەکانمان ڕزگار بکەن" بەرز کرانەوە،. هەروەها دروشمی دژ بە حکومەت وترایەوە.

 

داوودە ندیرپایا ئیلیا، بەناوی کۆمەڵگەی چیبۆک ڕایگەیاند، بۆکۆ حەرام هێشتا لە چیبۆک زیانی هەیەو خەڵکی ناوچەکە هەموو ڕۆژێک لە ترسدا دەژین، ئەو کچانەی ڕفێندراون، هەندێکیان بەهۆی ئازارەوە گیانیان لەدەستداوە و هەندێکیان نەخۆشی جیاوازیان هەیە، پێویستە دەستبەجێ کچانی چیبۆک ڕزگار بکرێن و بدرێنەوە بە خێزانەکانیان.