بۆ دووەم ڕۆژ بایکۆت لە سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامە

بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەی دوو مانگی ڕابردوو، بۆ دووەم ڕۆژى لەسەر یەک بەشێک لە فەرمانگەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی کارەکانیان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی ٦٠ ڕۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان پێنەدراوە کە مووچەی مانگی تەمووزو ئابە، فەرمانبەران لە دژی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی دەوامیان دەستپێکردووە.

 

فەرمانگەی دادنووس، پاسپۆرت، شارەوانییەکان و زانکۆ لە سلێمانی و کۆمەڵگەی پزیشکی ددان لە هەڵبجە بایکۆتی دەوایان کردووەو قەرەباڵغیی لە بەردەم فەرمانگەکان دروستبوو و هاوڵاتییان کارەکانیان بۆ ڕایی ناکرێت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، بەشێک لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کاتی دەوامیان کەمکردووەتەوە، بە جۆرێک پێشتر دەبوایە لە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانی تا ٠٢:٠٠ـی نیوەڕۆ بوایە، بەڵام کەم کراوەتەوە لە ٠٩:٠٠ـی بەیانی بۆ ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆ، هەروەها ڕۆژەکانی دەوام کردن لە پێنج ڕۆژەوە کەمکراوەتەوە بۆ دوو یان سێ ڕۆژ.

 

دوێنێش ١ی ئەیلول، هەریەک لە فەرمانگەکانی شارەوانی و کارەبای بایکۆتیان ڕاگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێك دەستیان بە دەوام کردەوە.