ڕاپەرینی ژنان لە دژی ژیانێکی ژێردەستە
جەستەی ژنان لە ئێران هەر لە سەرەتای ساتەکانی پێکهاتنی شوناسی زایەندییەوە بە کەرەستەی دەسەڵات دەورە دراوە و یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم کۆنترۆڵە قەدەغەکردنی لێ خۆرێنی ماتۆڕە بۆ ژنانی گەنج.
شیلان سەقزی
ژن بوون لە زۆر شوێنی ئێران تەنها ئەزموونێکی ژیان نییە، بەڵکو ملکەچبوونە بۆ پڕۆژەیەکی سیستماتیکی کۆنترۆڵکردن، لە سەرەتای ساڵانی منداڵییەوە جەستەی ژنان دەبێتە شوێنێک کە بە پێی نۆرمێکی توندی کولتووری و ئایینی و سیاسی کۆنترۆڵ و ڕێکخستنی تێدا دەکرێت، لە قەدەغەکردنی لێ خۆڕینی ماتۆڕەوە تا سەپاندنی کۆدی جل و بەرگ تا سەرکوتکردنی پێکەنین، ئەم پێشەکییە ئامانجی باسکردنی ئەو پرسە نییە لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە، بەڵکو هەوڵدەدات ئەو پێکهاتە تاکڕەوانەی کە ئەم قەدەغەکردنانە بەرهەمدەهێنن، تێکبدات و نیشان بدات کە چۆن جەستەی ژنان لە سەرەتاوە لە قاڵب دەدرێت و چاودێری دەکرێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و سەپێنراودا بە ملکەچ بمێنێتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە هەوڵ دەدات بەدواداچوون بۆ ئەو سیاسەتە سنووردارانەی کە بەسەر جەستە و جوڵەی ژناندا سەپێنراوە، لە قەدەغەکردنی سواربوونی ماتۆڕ تا ڕەتکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری ژنان، هەروەها ئەو فشارە کولتووری و خێزانییە دەکۆڵێتەوە کە لە منداڵییەوە تا تەمەنی گەورەیی کاردەکەن بۆ گۆڕینی جەستەی ژنان بۆ ناوچەیەکی کۆنترۆڵکراو، هەروەها ئەوە نیشان دەدات کە چۆن ئەم سنووردارکردنانە کە بەڕواڵەت ڕۆژانەن لە ڕاستیدا بەشێکن لە سیستەمێکی فراوانتر کە "ژیانێکی بابەتی" بۆ ژنان بەرهەم دەهێنێت، بە تایبەت لە ناوچە دوورەکاندا.
جەستەی ژنان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەر لە سەرەتای ساتەکانی پێکهێنانی شوناسی ڕەگەزییەوە بە ئامرازەکانی دەسەڵات دەورە دراوە، یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم کۆنترۆڵە قەدەغەکردنی لێ خۆرێنی ماتۆڕ ژنانی گەنجە، ئەوەی بە ڕواڵەت وەک پرسێکی کولتووری و ئایینی وێنا دەکرێت، لە ڕاستیدا میکانیزمێکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی جەستەی ژنان و کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەکەیان و بێبەشکردنی مافی چێژوەرگرتن لە شوێنی گشتی، لێ خۆرێنی ماتۆڕ زیاتر لە تەنها وەرزشێک یان خولیایەک، هێمای "بزووتنەوەی سەربەخۆیە"، ڕێک ئەوەیە کە سیستەمی پیاوسالاری و دەوڵەتی تاکڕەو دژایەتی دەکەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ژنانی گەنج هەر لە منداڵییەوە ڕووبەڕووی قەدەغەکردن دەبنەوە کە نەک هەر جوڵەی جەستەیی خۆیان سنووردار دەکەن بەڵکو پەیامێکی بنەڕەتیشیان بۆ دەنێرێت: جەستەی تۆ ئامرازێکی تۆ نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکی کۆنترۆڵی ئێمەیە.
ئەم سنووردارکردنانە لە ماتۆڕەکاندا ناوەستن، قەدەغەکردنی پەردەپۆشکردن، کۆنترۆڵکردنی ڕەگەزی لە وەرزشدا، دوورخستنەوەی ژنان لە یاریگاکان و تەنانەت جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە گۆڕەپانەکانی وەرزشدا، هەموویان بەشێکن لە ئەندازیاریەکی دەسەڵات کە جەستەی ژنان لە کایەی گشتی دوور دەخاتەوە و دەیخاتە ناو دیوارە ڕەقەکانەوە، لەم چوارچێوەیەدا ماتۆڕ تەنها هەڵبژاردەیەک نییە، بەڵکو مێتافۆرێکە بۆ مافی جووڵە و مافی هەڵبژاردن و مافی بوونی، ڕێک ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ژنانی لێی بێبەش دەکرێن.
ئرندازیاری گوێڕایەڵی
سنووردارکردنی جوڵەی ژنان، بە تایبەت لە ناوچە پەراوێزییەکان، تەنها قەدەغەکردنی جەستەیی نییە، بەڵکو ئەوان هەوڵی سیستماتیکن بۆ دروستکردنی "ژیانێکی ژێردەستە"، ئەم سنووردارکردنانە بۆ سواربوونی ماتۆڕ و پاسکیل، یان تەنانەت بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، لە تەنها ڕێگریکردن لە جوڵە تێدەپەڕن، خزمەت بە سەرکوتکردنی خەیاڵی لیبڕاڵ و بەهێزکردنی سیستەمی دەسەڵاتی ڕەگەزی دەکەن.
سیاسەتەکانی قەدەغەکردن، هەندێکجار لە شێوەی یاسای ئایینی و هەندێکجاریش لە شێوەی نەریتی بنەماڵەیی، ئەرکێکی هاوبەشیان هەیە: ماڵیکردنی جەستەی ژنان، هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری ئەوە دەکرێت، ڕامەکە، سەرمەکەوە بەسەر دار و دیوار، ماتۆڕ لێ مەخوڕە، ژنان ڕەگیان لە سیستەمی پیاوسالاریدا داکوتاوە، کە ناڕەزایەتی دەرنابڕن و سنوورەکان نابڕن، ئەم میکانیزمانە لە دڵی بچووکترین کردارەکانی ڕۆژانەدا کاردەکەن، وەک لەبەرکردنی پانتۆڵ، گرتنی دەستەی ماتۆڕ، سواربوونی پاسکیل، یان داوای وانەکانی لێخوڕین، لە هەموو ئەمانەشدا جەستەی ژنان بابەتی ململانێی هێزە نەریتی و مۆدێرن، لۆکاڵی و نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەکانە.
قەیرانی ئەم دواییەی باڵاپۆشی لە ئێران خاڵی دەستپێک نییە، بەڵکو چڕترین هێمای ئەم خەباتەیە، پێش ئەمەش زۆرێک لە ژنانی شارە بچووک و پەراوێزییەکان ساڵانێک لەگەڵ ئەم قەدەغەکردنانەدا بە بێدەنگی دەژیان، دەنگیان نەبیسترا، ئەوانەی دەستیان بە لێ خوڕینی ماتۆڕ و مۆڵەت و مافی جەستەی خۆیان نەگەیشت- ئەم ژیانە کۆنترۆڵکراوەش لەوە بێبەری نییە، بەشێکی بنچینەیی ڕاستی ڕەگەزی ئێرانە، کە "بزووتنەوە"ی ژنان هەمیشە پێویستی بە مۆڵەت و چاودێری و کۆنترۆڵ و هەڕەشە هەیە، لە ڕێگەی ئەم سنووردارکردنانەوە هێزی گوێڕایەڵی بەرهەم دێتەوە، لە چوارچێوەی ئەم پێکهاتەدا جەستەی ژنان دەبێتە جێگای سێ لایەنەی دەوڵەت و ئایین و بنەماڵە، ئەوەی پێدەچێت بڕیاری کەسی یان نەریتی بێت، لە ڕاستیدا بەرهەمی سیستەمێکی مێژوویی هەژموون و ژێردەستەییە، کە لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەک شەرمەزاری، سزا، بێبەشکردن و بێ ڕێزکردنەوە کاردەکات.
بۆ نموونە ژنێکی گەنج کە ڕێگەی پێنەدراوە ماتۆڕ لێبخوڕێت، نەک هەر ئامرازێکی سادەی گواستنەوەی لێ زەوت دەکرێت، بەڵکو مافی خاوەندارێتی لەش و شوێن و جوڵەی خۆیشی لێ زەوت دەکرێت، ئەم بێبەشبوونە، لەگەڵ سەرکوتکردنی ئەو خەیاڵەی کە ئازادی و چارەنووسی خۆی بۆی دەبەخشێت، چارەنووسی پێشوەختە دیاری دەکات: مانەوە، چاوەڕوانی و ملکەچبوون.
هەمان لۆژیک بۆ قەدەغەکردنی لێ خۆڕینی ماتۆڕی ژنانیش دەگونجێت، لە کاتێکدا، کە لێ خوڕینی ماتۆڕ ئامرازی سەرەکی گواستنەوەیە لە زۆرێک لە ناوچە دوورەدەستەکان، قەدەغەکردنی لە ئێراندا بە واتای دەرکردنی ڕاستەوخۆی ژنان لە وشوێنی گشتی، دامەزراندن، پەروەردە و بەشداریی مەدەنییە، بەم شێوەیە دەسەڵات دەستکاری جەستەی ژنان دەکات، نەک تەنها لە ڕێگەی توندوتیژی ڕاستەوخۆ بەڵکو لە ڕێگەی قەدەغەکردنی "سروشتی" کە دەگەڕێتەوە بۆ نەریت یان ئایین. لە ئەنجامدا ژنان وردە وردە خوو بەو قەدەغەکردنانە دەگرن و دەیانخەنە ناوەوە.
لە کۆتاییدا، ئەم سنووردارکردنانە تایبەتی نین، بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتەکانی زاڵبوون بەسەر ژناندا، بەرهەمهێنانی "ژنی باش"، "ژنی دڵسۆز" و "ژنی ئاغا" هەموویان بەهۆی سنووردارکردنی جووڵە و ژێردەستەیی جەستەییەوە لە قاڵب دەدرێن، لەم نێوەندەدا ژنانی پەراوێزخراو و کۆچبەر و چینی خوارەوە دوو هێندە لەلایەن ئەم دەسەڵاتە دڕندەیەوە دەچەوسێنرێنەوە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی لە بینین بێبەشن، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا لە مافی بینینیان بێبەشن، ئەگەر ئازادی جووڵە یەکێکە لە پایە هەرە گرنگەکانی بوونی مرۆڤ، ئەوا ئەو سیاسەتانەی کە لە جەستەی ژنان نکۆڵی دەکەن، تەنها پیاوسالاری نین، بەڵکو داگیرکاریشن، هەروەها داگیرکاری هەمیشە لە کۆنترۆڵکردنی خاکەوە دەست پێدەکات و لێرەشدا جەستەی ژن خاکە.
لە شارەکانی ناوەڕاستی وەک تاران، ئەسفەهان، مەشهەد، ئەو ژنانەی کە داوای مۆڵەتی لێ خۆڕینی ماتۆڕیان کردووە، چەند مانگێکە گیریان خواردووە، سەرەڕای نەبوونی هیچ قەدەغەیەکی یاسایی دیاریکراو، پێکهاتە دامەزراوەی و کارگێڕییەکان ڕەتیدەکەنەوە مۆڵەت بدەن، کە لێرەدا "یاسای نەنووسراو" "جەستەی کۆنترۆڵکراو" دەپارێزێت.
ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن کە چۆن چەمکەکانی وەک "حەیا"، "سۆز" و "بەرژەوەندی گشتی" دەبنە ئامرازێک بۆ ڕێگریکردن لە چێژوەرگرتن لە ژنان لە مافی جووڵە، مافێک کە نەک تەنها جەستەیی بەڵکو سیاسیشە.م هەر ژنێک نەتوانێت لە شوێنی گشتیدا بجوڵێت، لە بەشداری کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووری دوور دەخرێتەوە، ئەم دەرکردنە دووبارەکردنەوەی سیاسەتێکە کە هەوڵدەدات ژنانی بە ملکەچ و وابەستە و قەتیس لە ماڵەوە بمێنێتەوە.
قەدەغەکردنەکانی وەک لێ خوڕینی ماتۆڕ، لەبەرکردنی جل و بەرگی پان، یان لێخوڕینی پاسکیل تەنها سنووردارکردنی کولتووری یان ئایینی نین، هەروەها ئامرازی سیاسین بۆ بەرهەمهێنانی "جەستەی ملکەچ" لەناو سیستەمێکی پیاوسالاری ئایینیدا، ئەم قەدەغەکردنانە جەستەی ژنان لە منداڵییەوە دەخەنە حاڵەتێکی چاودێری و تاوانباری و نەرێنییەوە، بەجۆرێک کە لە حاڵەتێکی بەرگریکردن و شاراوەدا دەژی نەک ئامادەیی چالاکانە، لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا ئەم کۆنترۆڵە ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە دەوڵەت لە ڕێگەی نەریت و بنەماڵە و ئایین و یاساوە فشار دەخاتە سەر ژنان وەک ئامرازێک بۆ سەقامگیرکردنی ڕکخراوی کۆمەڵایەتی، هاوکات هەر هەوڵێکی ژنان بۆ جووڵە، چ بە پاسکیل، چ بە دەنگ، یان جل و بەرگ، بە بزووتنەوەیەک لە دژی ئەم سیستەمە دادەنرێت و سەرکوت دەکرێت، دەرئەنجامەکەی کۆمەڵێک ژنی بێدەنگ و کۆنترۆڵکراو و ستەملێکراوە کە "ناتوانن بجوڵێن و نابینرێن". خەبات بۆ مافی جووڵە چیتر داواکارییەکی تایبەتی نییە، بەڵکو بەشێکە لە بەرخۆدانێکی سیاسی بەرامبەر بە پێکهاتەیەک کە ژنانی لە جەستەیان دەربەدەر کردووە.
پێگەی سەپێنراوی ژنان لە کۆمەڵگە و سەرهەڵدانیان لە ئێراندا، خەباتێکی درێژخایەنە، شەڕێکە لە ململانێی نێوان نەریت و ئایین و دەسەڵاتدا، تێکەڵەیەک لە هۆکارەکان هەوڵیانداوە زاڵ بن بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ژنان و بوونیان لە گۆڕەپانی گشتیدا، سەرەڕای ئەم چەوساندنەوەیە لەمێژینە، مێژوویەکی دوور و درێژی خەباتی ژنانیش هەبووە کە نەچووەتە دەست ئەم دیلبوون و ژێردەستەیی و سنووردارکردنە، کە لوتکەی ئەم خەباتە لە سەردەمی شۆڕشی گەڵدا ژیانێکی نوێی بە دەست هێنا، شەپۆلێکی خوڵقاند کە درز و پچڕانی بنەڕەتی لەگەڵ هەموو ئەو بەها نەریتی و کۆنەپەرستانەی پێش خۆیدا هاتە ئاراوە، هەروەها بوونی جیاوازی ژنان لە کۆمەڵگەدا لە دوای شۆڕشی گەل تەنها بەشێکە لە مافە بنەڕەتی و بنچینەییە مرۆییەکانی ژنان کە بە تێچووی زۆرەوە بەدەست هاتوون و ڕۆژانە لە پانتاییدا گەشە دەکەن، هەر بۆیەش ئەمجارە ژنان خۆیان نادەن بەدەستەوە نابن.+