ئۆیا ئەرسۆی نوێنەری هەدەپە، قژی بۆ مەهسا ئەمینی و ژنە کوژراوەکان بڕی

ئۆیا ئەرسۆی، نوێنەری هەدەپە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کە لە پەرلەمان ئەنجامیدا، قژی خۆی بڕی بۆ مەهسا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە ئێران کوژرا و سەرجەم ئەو ژنانەی دیکە کە کوژراون.

ئەنقەرە

 

ئۆیا ئەرسۆی، نوێنەری هەدەپەی ئەستەنبوڵ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە مەجلیسی گەورەی نیشتمانی تورکیا بۆ هاندانی ژنان لە هەموو جیهاندا بۆ هاتنە سەر شەقامەکان ئەنجامدا، لە میانی لێدوانەکەیدا قژی بۆ مەهسا ئەمینی و هەموو ئەو ژنانەی دیکە کە کوژراون بڕی.

 

ئۆیا ئەرسۆی لە سەرەتای قسەکانیدا بە ئاماژەی بەوەدا کە ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان لە ئێران، تورکیا و هەموو جیهان بۆ مەهسا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و ئەشکەنجەدرا پاشان گیانی لەدەستدا.

 

ئۆیا ئەرسۆی ئەوەی دەربڕی کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانی لەدەستداوە، لانیکەم ٥ هەزار کەس لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، هەروەها ١٦ کەسیان ئەندامی ڕۆژنامەگەری بوون، هەروەها زانیاری لەسەر دۆخی زۆربەیان نەتوانراوە بەدەست بهێنرێت.

 

ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم لە درێژەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێران، نیکا شاکەرەمی تەمەن ١٧ ساڵ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژراوە و لەم بارەیەوە ئۆیا ئەرسۆی وتی، " ئێمە لە پاڵ خەباتی ژنانی ئێران و گەلی ئێرانداین لەدژی ڕژێمی ئێران."

 

هەروەها ئۆیا ئەرسۆی ئاماژەی بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و ئاکادیمیست ناگیهان ئاکارسەل کرد لە شاری سلێمانی کە بە دەستڕێژی گولە شەهیدکرا و وتی "کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل هێرشێکە بۆ سەر تێکۆشانی ئازادیی ژنان".

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئۆیا باسی لەوەشکرد دەنگی هاوبەشی ژنان لە دژی ژنکوژی و نایەکسانی و زوڵم لە تورکیا و وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان بەرز بووەتەوە و وتی: " ئێمە وەک ژنانی تورکیا هاوبەشین لە ئازار و توڕەیی و شۆڕشی خوشکە ئێرانییەکانمان، خەباتکردنی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی یەکسان و ئازادە کە زامنی هەناسەدانێکی ئاسوودە بۆ ژنان بکات، هیچ هێزێکی پەرچەکرداری فاشیستانە ناتوانێت خەباتی ژنانمان بۆ ئازادی و یەکسانی بوەستێنێت دژی زوڵم و زۆرداری، دژی ئەو ڕژێمانەی کە چۆن ژیانمان داگیردەکەن، ئێمە بەرگری لە ژیانی خۆمان و ژیانی ژنانی دیکە دەکەین چونکە ئێمە ئازادیمان دەوێت لە هەموو شوێنێک".