٨٨ ڕێکخراو پشتیوانیی خۆیان بۆ مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی ڕاگەیاند

٨٨ ڕێکخراو پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند، پێویستە ئەم خەباتە مەدەنییە تەنها لە سلێمانییدا نەمێنێت و بگوازرێتەوە بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکان

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی ٦ ڕۆژە مانگرتنی ژمارەیەک مامۆستاو فەرمانبەری سلێمانی دەستیپێکردووەو چادریان هەڵداوە، ئەمڕۆ ٢ی شوبات  لە ٨٨ ڕێکخراوی باشووری کوردستان، سەبارەت بە دووپاتکردنەوەی پشتیوانییان بۆ مانگرتنی ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجام دا.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ڕاگەیەندراوی ئەو ڕێکخراوانە خوێندرانەوە و تێیدا هاتبوو، وەک ڕێخکراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرانسەری هەرێم، سەرباری ئەوەی کە پشتیوانی خۆمان بۆ داوا ڕەواکانی مانگرتووان دەردەبڕین، ڕووی دەممان دەکەینە لایەنە پەیوەندییدارەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵخانەی وڵاتان، بەزووترین کات بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن و وەڵامیان بدەنەوە.

 

وتیان: پاراستنی گیانی مانگرتووان دەخەینە ئەستۆی لایەنە پەیوەندییدارەکانەوە، دەسەڵات هەروەک ڕابردوو خەمسارد و بێباکە، لە ئێستاشدا دوای شەش ڕۆژ لە مانگرتن هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە و سەردانیانی نەکردوون و بەتەنها وشەیەکیش وەڵامیانی نەداوەتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ڕێکخراوانە داوا لە مامۆستایان و تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەن، کە سەردانی مانگرتووان بکەن و پشتیوانییان لێ بکەن، هەروەها ئەم خەباتە مەدەنییە تەنها لە سلێمانییدا قەتیس نەبێت و بپەڕێتەوە بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێم.