٨ حاڵەتی هەراسانکردنی ژنانی میدیاکار تۆمارکراوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا

سەنتەری میترۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی دەربارەی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەکرێت بڵاوکردەوە، بەپێی ئاماری سەنتەرەکە ٧ حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن تۆمار کراوە.


ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە ئوتێل ڕامادای شاری سلێمانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیایی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕەوشی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ خستەڕوو بە دروشمی "هێرش بۆ سەر ڕۆژنامەنوسێک هێرشە بۆ سەر هەموو رۆژنامەنووسان"، لە مەراسیمەکەشدا سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رێواز فایەق و ونوێنەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن  و ڕۆژنامەنووسان بەشداربوون.

 

لە سەرەتادا بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ، دیاری محەمەد ڕەوشی رۆژنامەنووسی لە ساڵی ڕابردوودا خستەڕوو ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی ٢٠٢٠ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی کپکردنی دەنگی ئازاد هەموو ڕێکارێکی زەبر و زەنگی بەرامبەر ئازادی رۆژنامەنووسی گرتەبەر، بە شێوەیەکی نایاسایی نووسینگەی کەناڵەکان داخراون و ناوەندی کاری مەیدانیان بەرتەسک کردۆتەوە، لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا ئاستەنگیان دروستکردووە تا ڕووماڵی خۆیان نەکەن، هەروەها وتیشی: "ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ڕۆژنامەنووسان خراپ و نائارام بووە کە ئاسانترین کردار لای هێزە ئەمنییەکان ئەوە بووە بە شەق و دەمانچەی کارەبایی پەلاماری پەیامنێران بدەن، بەبێ فەرمانی دادگا دەستگیریان بکەن و بە شەق لە ژنانی ڕۆژنامەنووس بدەن".

 

 ئەندامی سەنتەری میترۆ و ڕۆژنامەنوس ئاڤان جاف ئاماری ئامادەکراو لە ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ دەربارەی ئەو پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە خستەڕوو، ڕاپۆرتەکەی ئەم ساڵ بە ناوی زەبر و زەنگ و تۆقاندن بوو، تیایدا هاتووە: لە هەرێمی کوردستان ٣٨٥ پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کراوە.

 

١٦٣ رێگری لە ڕۆژنامەنووس، ٧٤ دەستبەسەر کرد بێ فەرمانی دادگا تۆمار کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ٤٨ حاڵەتی لێدان و سکایەتی، ٤٢ زەتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، ٨ حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی ژنانی میدیاکار تۆمار کراوە، ٣٠ حاڵەتی دەستگیرکردن و ڕاگرتن بەدەر لە یاسایی مافی ڕۆژنامەنووسی، ٨ بەڵیننامە پڕکردنەوە، ٦ شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، ٤ حاڵەت داخستنی ئۆفیسی کەناڵەکان، ٢ حاڵەت هێرش و تەشویسی ئەلکترۆنی تۆمار کراون.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا پێشێلکارییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش خراوەتە ڕوو، تیایدا ١٢٠ پێشێلکاری ٨٣ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن کراوە، ٧١ حاڵەتی ڕێگری، ٣٠ دەستبەسەر کردن و ڕاگرتن بێ بڕیاری دادگا، ٩ حاڵەتی زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و یەک حاڵەتی رفاندن تۆمار کراوە.

 

ت.پ